کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆڕیادی ئەحمەدی قازی لە شاری ستۆکهۆڵم،ی پایتەختی سوید

21:31 - 1 پووشپەڕ 2715

دوانیوەڕۆی رۆژی ٣٠ ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاویی، کۆڕیادێک بۆ رێزگرتن لە کەسایەتی نیشتمانپەروەر، نووسەر، وەرگێڕ و سیاسەتوان، مامۆستا ئەحمەدی قازی، لە لایەن بنەماڵەی قازی لە سوئێد و بە هاوکاریی و پشتیوانی کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد و ستۆکهۆڵم، لە ساڵۆنی '' شیستا ترێف'' لە باکووری ستۆکهۆڵم پێکهات. سەرەتای کۆڕیادەکە بە وتەیەکی کورتی بەڕێوەبەری بەرنامەکە، هاوڕی سمکۆ عیسازادە و پاراستنی خولەکێک بێدەنگیی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و نەمر ئەحمەدی قازی دەستیپێکرد. پاشان پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێزدار مەسعوود بارزانی، لە لایەن کاک عەتا بانەیی‌یەوە، خوێندرایەوە. دواتر پەیامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بە بۆنەی کۆچی‌دوایی مامۆستا ئەحمەدی قازی نووسرابوو، خوێندرایەوە. ئەمجار بەڕێزان کاک ئەمیری قازی، کاک حەسەن رەستگار، مامۆستا ئاشق، کاک ناسری حیسامی، دوکتور حوسێن خەلیقی،کاک تاهیری عەلیار، کاک قاسمی قازی، کاک عەلی ئەسغەری خوسرەوی، کاک محەمەدی ئیسماعیلی، هەرکامە لەسەر لایەنێکی کارە ئەدەبیی و نووسراوەکانی مامۆستا ئەحمەدی قازی و نەخشی ویی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی کوردەواریدا وتاریان پێشکەش کرد و کارەکانی ناوبراویان بەرز نرخاند. هەروەها زۆربەی وتاردەرەکان هاوکات باسی خەساری لەدەست چوون و کۆچی ‌دوایی نووسەر و لێکۆڵەرەوە کاک ئەحمەدی شەریفیشیان کرد کە ناوبراویش چەند رۆژێک دوای مامۆستا ئەحمەدی قازی لە شاری مەهاباد کۆچی‌دوایی کرد. پاشان پەیامی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکانی سوئێد، کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسییە کوردستانییەکان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن نوێنەرەکانیانەوە خوێندرایەوە. کۆڕیادەکە کاتژمێر ١٧ی دوانیوەڕۆ کۆتایی پێهات.