کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزراگیرانی یادی شەهید مەنسوور ئاروەند لە وڵاتی دانمارک

21:38 - 1 پووشپەڕ 2715

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢١-٦-٢٠١٥ی زایینی، کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی دانمارک، بە بۆنەی لە سێدارەدرانی مەنسور ئاروەند لاوی خۆڕاگر و شۆڕشگێڕ و ئەندامی تەشکیلاتی نەهینی حیزبی دیموکراتی کوردستان کۆرێکی پێک هینا. ئەو کۆڕەیادە کە لەودا چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی شەهید مەنسوری ئاروەند، نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان و ژمارەیەکی زۆر لە کوردستانیانی دانیشتووی وڵاتانی دانمارک و سوید بەشدار بوون، بە سروودی ئەی شەهیدان و یەک خۆلەک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدی تازەی ڕۆژهەلاتی کوردستان مەنسور ئاروەند و هەموو شەهیدانی سوورخەڵاتی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد. دواتر ئاسۆ ئامادە وەک بەرێوەبەری بەرنامە ڕێزی بەرنامەکانی ڕاگەیاند. بەدوای ئەودا پەیامی کۆمیتەی دانمارک لە لایەن هاوڕێ هیوا زەبیحی بەرپرسی کۆمیتەی دانمارک خوێندرایەوە. ناوبراو لە پەیامەکەی دا باسی لە خۆڕاگری، وەرەبەرزی و شۆڕشگێریی شەهید مەنسور لە سیا چاڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و داوای لە لاوانی کورد کرد کە شێلگیرانە ڕێگای شەهیدان دەرێژە بدەن. بەرپرسی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لە درێژەی پەیامەکەی دا لەلایەن کۆمیتەی دانمارکەوە سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی سەر بەرزی شەهید مەنسور و هەموو ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دیموکرات و خەڵکی خۆڕاگر و نیشتمانپەروەری کوردستان و شاری مەهابادی کرد. لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕەکەدا پەیامی پرسە و هاودەردیی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان کە بەو بۆنەیەوە نێردرابوون خوێندرانەوە. هەر لەم برگەیەدا چەند وتەیەک لە لایەن تێکۆشەری دێرین و فەرماندی ئازای حیزبی دیموکراتی کوردستان کاک ناسری پیرانی بەم بۆنەوە پێشکەش کرا. هەروەها پەخشانە شێعرێک کە لە لایەن ئەحمەد رەحمانیەوە کە تەعبیری لە خۆڕاگری و نەبەزی شەهید لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا دەکرد پێشکەش کرا. بە دوای ئەو دا سمایل ئاروەند، برای شەهید بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەکەی وتەیەکی پیشکەش کرد. سمایل ئاروەند وێڕای ئاماژە بە بیروبڕوای شۆڕشگێڕانەوەو نەتەوەیی و ئازایەتیی شەهید مەنسوور، چەند بیرەوەریەکی برا ی شەهیدی گیرایەوە و باسیشی لە وەتەکانی دایکی کرد کە گووتیەتی با کۆماری ئیسلامی تەرمی کورکەم نەداتەوە خۆ هەر لە سەر خاکی پیرۆزی کوردستان نێژراوە. لە درێژەی قسەکانی دا سپاسی هەموو بەشدارانی کۆرەکەی کرد و دەست خۆشی لە کۆمیتەی دانمارک کرد بۆ پێک هێنانی ئەم کۆریادە بۆ برا شەهیدەکەی. ئەو حیزب و ڕێکخراونەی کە بەشدار کۆڕی پرسەکەیان کرد و پەیامیشیان ناردبوو بریتی بوون لە: -- ئەنجومەنی ئەنجومەنی بزتنەوەی گۆران دانمارک - یەکیەتی نیشتمانی کوردستان - کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان - پارتی دیموکراتی کوردستان - کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران - فدراسیۆنی کۆمەڵەی کوردی دانمارک - پەژاک - لقی ناوچەی دانمارک ئەنجومەنی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی لە دانمارک - پارتی ئازادی کوردستان (باکور) - ئیسیاتیفی کورد لە دانمارک