کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە فینلاند ئیعدامی شەهید مەنسوور ئاروەند لەبەردەم سەفارەتی ئێران شەرمەزار کرا

16:57 - 2 پووشپەڕ 2715

بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە رۆژهەڵاتیانی نیشتەجێی وڵاتی فینلاند و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو وڵاتە، ئاکسیۆن و خۆپێشاندان دژ بە ئیعدامی شەهید مەنسوور ئاروەند و بۆ ئازادیی سەرجەم زیندانیانی سیاسی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری هێلسینکی بەڕێوەچوو. کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە ٢٢ی ژوئەنی ٢٠١٥، خۆپێشاندەران بە دانی دروشمگەلی وەک زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ، بژی ئازادی - بژی کوردستان لە بەردەم سەفارەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبوونەوە. سەرەتای ئاکسیۆنەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و دەقیقەیەک بە بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و دوا شەهیدی ئەم کاروانە شەهید مەنسووری ئاروەند، دەستی پێ کرد. رێزدار عەزیز شێخانی بە زمانی فینلاندی سەبارەت بە کارنامەی نیگەتیڤ و پڕ لە تاوانی کۆماری ئیسلامی لە سەرکوت و ئەشکەنجە و ئیعدامی جیابیران و تێکۆشەرانی کوردستان، قسەی کرد و ئامانجی ئاکسیۆن و خۆپێشاندانەکەی راگەیاند. پاشان رێزدار وڵات نەهری لە فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکانی فینلاند پەیامی خۆپێشاندەرانی بە زمانی فینلاندی راگەیاند. بەڕێز کەریم رەسوڵی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بڕیارنامەی خۆپێشاندەرانی خوێندەوە کە تێیدا وێڕای شەرمەزار کردنی ئیعدامی شەهید مەنسوور ئاروەند لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئیران، داوا لە دەوڵەتی فینلاند کرابوو تا لە توانایی و نفووزی دیپلۆماتیکی خۆی روو بە کۆماری ئیسلامی کەڵک وەرگرێ بۆ ئەوەی ئەو رێژیمە کۆتایی بە ئازار و ئەشکەنجەی جیابیران بێنێ و حوکمی ئیعدامی زیندانیانی سیاسی و مەدەنی هەڵوەشێنێتەوە. خۆپێشاندەران هەروەها خوازیار بوون ئێران کۆتایی بە سیاسەتی سەرکوتی خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بێنێ و توندوتیژیی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی لە سەر گەلی کورد هەڵبگرێ. خۆپێشاندان بە خوێندنەوەی سروودی ئەی شەهیدان کۆتایی پێ هات و خۆپێشاندەران بە دانی دروشم دژ بە کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی بینای سەفارەتی ئەو رێژیمەیان وەلەرزە خست و پەیامی ئەوپەڕی نەفرەت و بێزاریی خۆیان لە بەڕێوەچوونی حوکمی ئیعدامی شەهید مەنسووری ئاروەند بە گوێی دەسەڵاتدارانی تاران گەیاند.