کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرێوەچوونی فێستیوالی سێ ڕۆژەی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد

18:41 - 2 پووشپەڕ 2715

ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد لە درێژەی کارو چالاکی ساڵانەی خۆیان دا و بە مەبەستی بەرێوەبردنی پڕۆژەی ساڵانەی خۆیان بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیان لە یەکێک لە کەمپەکانی نزیک شارۆچکەی ریمفۆشا کۆکردەوە، ئەم فێستیواڵە سێ ڕۆژی خایاند و لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا لە لایەن پێکهێنەرانی ئەو فێستیوالە چەندین بەرنامەی جۆراوجۆر، پێشکەش کران. ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٩ - ٠٦ -٢٠١٥ لە چەندین شار و شاروچکەی وڵاتی سوئێدەوە بەشداربووان خۆیان گەیاندە شوێنی فێستیوالەکە. سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی ئەی‌ڕ‌ەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و بەتایبەت نوێترین شەهیدی گەلەکەمان شەهید مەنسوور ئاروەند کە بە دەستی کۆماری ئیسلامی ئێران شەهید و ئێعدام کرا بوو، کۆبوونەوەکە دەستی بە کارەکانی خۆی کرد. لە لایەن خاتوو ئەسرین ئیسماعیلی ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد بەگەرمی بەخێر هاتنی گشت لایەک کرا و پاشان بە وردی ئامانجی ئەو کۆبوونەوەیە و ئەو فێستیوالە بۆ بەشداربووان شی کرایەوە، شایانی باسە کە هاوکاتیش باس لە خۆراگری و بوێری دایکان بە گشتی کرا و ئەم فێستیوالە بە ناوی دایکی شەهید مەنسوور ئاروەند و هەموو دایکانی خۆراگری دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناودێر کرا. پاشان خاتوو شلێر حەسەن‌پوور بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد چەند وتەیەکی لە گەڵ خوێندنەوەی بەرنامەی ئەسڵی کاری ئەو سێ ڕۆژە پێشکەش کرد و لە درێژە دا باسی لەسەر چۆنیەتی بەشداری خۆیان لە کۆنگرەی چوارەمی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کرد و کۆمەڵێک سەرنج خۆی لەسەر کۆنگرە باس کرد و هاوکات بڕیار و ڕاسپاردەکانی ئەو کۆنگرەیەی بە وردی بۆ بەشداربووان خوێندەوە. هەر لەم بەشەدا خاتوو کوێستان بابایی ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد چەند خاڵ و بەندی بەرنامە و پێرەوی یەکیەتیی ژنانی کە لە کۆنگرە دا ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتبوو خوێندەوەو داوای لە بەشداربووان کرد ئەگەر مەسەلەیەک و یا خاڵێک پێویستی بە ڕوونکردنەوە هەیە بەشداری ئەو باسە بکەن. لەو بەشەدا ئەندامان بە دەربرینی بیروڕای خۆیان و بە هێنانە بەرباسی چەند پرسیار و تێ‌بینی‌یەک باسەکانیان دەوڵەمەندتر کرد. بڕگەیەکی دیکەی ئەم فێستیوالە باس لە سەر هەڵبژاردنی دەستەی بەرێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات بوو. لەم بەشەدا خاتوو شوعلە قادری بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و لە سەر گرتنی کۆنفەرانسی کۆمیتەی دەرەوەی وڵات بە وردی بیروڕا و سرنجی خۆی بۆ بەشدار بووان باس کرد و هەروەها شێوەی چۆنیەتی بەشداربووانی بۆ ئەو کۆنفەرانسە شی کردەوە. دوای قسەکانی خاتوو شوعلە و گۆڕینەوەی بیرو و ڕای ئەندامان سەبارەت بە بەشداری کردن لە کۆنفرانس دا، نۆبە گەیشتە هەڵبژاردنی نوێنەر بۆ کۆنفرانسی دەرەوەی وڵات کە لەوبەشەش دا چەندین ئەندامی چالاکی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستان خۆیان بەربژێرکرد و دواتر دەنگی متمانەی بەشداربووانیان پێدرا و بەم شێوەیە ئەم بڕگەیەش کۆتایی پێ هات. ڕۆژی دووهەم: بەیانی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠ - ٠٦ - ٢٠١٥ بەشداربووان لە گۆڕەپانی شوێنی فێستیوالەکە کۆبوونەوە و بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و خوێندنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب کاری ئەم ڕۆژەی فێستیوالەکەیان دەست پێکرد. کاتژمێر١٢:٠٠ هەموو ئەندامان لە ساڵۆنی دیاری کراوی کۆر و سێمینار کۆبوونەوە و بەرێوەبەری سێمینار بەڕێز سۆران عەلیپوور مەبەستی گرنگی باسی سێمیناری بۆ بەشداربووان بە کورتی شی کردەوە و داوای لە نووسەر، وەرگێر کاک عەلی فەتحی کرد تا باسەکەی خۆی کە لەسەر گرینگی زمانی زگماک وەک دروست بوونی ناسنامەی نەتەوەیە پێشکەش بە بەشداران بکا. کاک عەلی بە پشت بەستن بە چۆنیەتی لێکۆلینەوە و بەڵگە هەوڵی دا بۆ بەشدارانی شی بکاتەوە کە دانپێدانان و قسەکردن بە زمانی زگماک مەترسی لە سەر لە نێوچوونی زمان کەم دەکاتەوە. لە درێژەی باسەکەی دا کۆڕگێر ئاوڕێکی لە ڕابردووی زمانی کوردی دایەوە و ئەو هۆکارانەی خستە بەرباس کە بوونەتە بەربەست لەبەردەم پێشکەوتنی زمانی کوردی دا، لەو نێوەدا ئاماژەی بە دابەش کردنی کوردستان و بەکارهێنانی ئەلفوبێی جیاواز و هەوڵی وڵاتانی داگیرکەر بۆ بەلارێدابردنی زمانی کوردی کرد. بە دوای ئەم بەشەش دا بەشداران بە ورووژاندنی چەند پرسیار هۆگری خۆیان بۆ باسەکە پێشان داو و دواتریش کۆرگێر بە وردی وڵامی پرسیار و تێ‌بینی‌یەکانی داوە. لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکان دا هاوڕێ موژدە عەزیزی ئەندامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد و مامۆستا لە شاری ڤێسترۆس، باسێکی لەسەر تووندوتیژی لە بنەماڵە و کاریگەرییەکانی لەسەر منداڵ و مێرمنداڵ پێشکەش بە بەشداربووانی فێستیوالەکە کرد، موژدە لە باسەکەی دا روونی کردەوە کە چۆن توندوتیژی کار دەکاتە سەر کەسایەتیی و ناسنامەی منداڵ و مێرمنداڵ، بە شێوەیەک کە توندوتیژی کەسایەتیی گۆشەگیر دروست دەکا و سەرەنجام توندوتیژی وەک رەواڵێکی ئاسایی ژیان قبوڵ دەکا. ترس و دوودڵیی، پەشیمانی و خۆبەتاوانبار زانین، زوو توڕەبوون، خەمۆکی لە ئەنجامە دیارەکانی توندوتیژین. لە کۆتایی باسەکەدا خاتوو موژدە تیشکی خستەسەر شێوازەکانی یارمەتی کردنی قوربانیان و کۆمەڵێک پێوەندی تایبەت لەو بوارە دا بە بەشداربووان ناساند کە هاوکاری و ڕێنوێنی پێویست پێشکەش بە قوربانیانی تووندوتیژی دەکەن. لەم بەشەش دا بەشداربووان بە هێنانە بەرباسی چەند پرسیار و تێ‌بینی چالاکانەیان لە باسەکەدا کرد و کۆرگێریش وەڵامی پرسیار و تێ‌بینی‌یەکانی دایەوە. لە بڕگەی سێهەم دا هاوڕێ جەمیلە کرمانجی وەک بەڕێوەبەری ئەم بڕگەیە کورتەیەک لە بیوگرافی دوکتور بابەک کاوەی خوێندەوە و داوای لە دوکتور بابەک کاوە کرد کە بێت و باسەکەی خۆی لە سەر نەخۆشی‌یەکانی دم و دەدان پێشکەش بکا و هاوکات خاتوو جەمیلە داوای لە بەڕێز مەریوان نستانی کرد تا باشتر دوکتور بابەک بە بەشداربووان بناسێنێ و کاک مەریوان نستانی لە باسێکی کورت و پوخت دا باسی لە ژیانی کاک دوکتور بابەک کرد و کۆمەڵێک زانیاری لە سەر ژیانی ناوبراو بە بەشداربووان دا. دوکتور بابەک وێرای باس کردنی چەند جۆرە نەخۆشی لە سەر دم و ددان و زار و هەروەها شێوەی پێشگیری کرد لە تووش بوونی ئەو جۆرە نەخۆشیانە و پاراستنی دم و ددان بە و شێوەی شۆردن و خاوێن کردنەوەی بەردەوام ددانی بە گشتی باس کرد. لە بەشێکی دیکە دا بەرێزیان، شێوەی دەرمان کردن و چارەسەری دم و ددان و کەرەسەکانی ددان خاوێن کردنەوەی بە وردی بە بەشدار بووان ناساند. لەو پەیوەندی‌یەدا بە نیشاندانی چەندین وێنەی جۆراوجۆر توانی سرنجی بەشداربووان بۆ لای باسەکەی خۆی ڕابکێشێ و زیاتر بچێتە نێو هەموو بوارەکانی نەخۆشی و چارەسەری‌یەکانی دم و ددان. وەک هەموو بەشەکانی دیکە دوای تەواو بوونی قسەکانی دوکتور بابەک کاوە، بەشداربووان پرسیارێکی زۆریان ئاراستەی بەرێزیان کرد و هاوکاتیش دوکتور بابەک بە وردی لەسەرەخۆیی وەڵامی پێویستی بە هەموو پرسیارەکان دایەوە. بەشێکی دیکەی ئەم فستیوالە بۆ کاری هونەری و پێشکەش کردنی تەقدیرنامەیەک بۆ قوتابیانی سەرکەوتووی ئەم قۆناخەی خوێندن، یاری منداڵان و دواتریش گۆرانی و موزیک و بیروەری گێرانەوە داندرابوو. لە لایەن بەڕیوەبەرانی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد لە سەر خویندن و خۆپێگەیاندن و پەوروەردەکردن چەند وتەیەک پێشکەش کرا و لەوحەی ئامادەکراویان لەگەڵ چەپکە گوڵ وەک ڕێز لێنان پێشکەش بەو خوێندکارانە کرد کە خوێندنیان لەم ساڵەی خوێندن دا تەواو کردبوو. بڕگەیەکی دیکەی ئەم بەشە خاتوو سکاڵا حەکیم زادە و خاتوو کوێستان بابایی ئەندامانی کۆمیتەتی بەرێوەبەری بۆ ئەوەی منداڵە چاوگەشەکانی بەشدار لە فێستیوالە دا لە خۆشی‌یەکانی ئەو ڕۆژە بێ‌بەش نەبن منداڵەکانیان لە دەوری خۆیان کۆکردەوە و بە گشتی دوای دواندن و قسەی خۆش کردن بۆ ئەو کۆرپە جوانانە کە داهاتووی گەلەکەمانن شیرینی تایبەت بە منداڵانیان بە سەر دا دابەش کردن. دیارە لە ماوەی ٢ شەو دا بە گشتی دوای کۆبوونەوەکان هەموو لایەک بە موزیک و گۆرانی بەشداریان دەکرد و بە تایبەت شەوی شەممە بەشی هونەری لە لایەن خاتوونی بەهرەمەند خاتوو باوان کەریمی و موزیک ژەنی بە توانا کاک ڕەهێل قادر تام و چێژێکی دیکەی بە فێستیوالەکە بەخشی. شایانی باسە کە بەشی ڕاگەیاندن بە گشتی هەموو بڕگەکانی ئەو فێستیوالەیان بە فیلم و وێنە بۆ ئارشیوی ئەو ڕێکخراوەیە بە دێکۆمێنت کردووە. ڕۆژی کۆتایی بەرێوەبەرانی فێستیوالەکە هەموو بەشداربووانیان لە دەوری یەک کۆکردەوە و لە لایەن بەرێزان خاتوو کوێستان بابایی و ئەسرین ئیسماعیلی و سکاڵا حەکیم‌زادە لە سەر کاری ئەو سێ ڕۆژە و کەم و کوری و یاساکانی ئەو کەمپینە بە وردی قسە کرا و لەو بەشەش دا وەک ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد ڕیزیان لە چەند هاورێی چالاکی ئەو فێستیوالە گرت. دواتر لە لایەن خاتوو شوعلە قادری بە نوێنەرایەتی هەموو ئەندامانی بەشداربووی ئەو فێستیوالە ڕێز لە ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد کرا و هیوای خواست کە هەروا بەردەوام بن لە پێکهێنانی ئەوجۆرە کۆڕو کۆبوونەوانە. دوای ئەم بەشە هەموو لایەک و بە تایبەت ئەو شارانەی کە بە ئوتوبووس هاتبوون بەرەو شوێنی ژیانی خۆیان گەرانەوە و لە لایەن چەند هاورێی ماندوونەناس شوێنی ئەو فێستیوالە بە گشتی وەک ئەرکی ژینگەپارێزی خاوێن کرایەوە و بەم شێوەیە کۆتایی بە کاری ٣ ڕۆژەی فێستیوالی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد هات.