کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی مام برایم خانی، باوکی شەهید هەمزە خانی

07:23 - 3 پووشپەڕ 2715

بە گوێرەی هەواڵێک کە لە شاری بۆکانەوە بە دەستمان گەشتووە، شەوی یەکشەممە لە سەر دووشەممە ڕێکەوتی ١ی پووشپەڕ، کاک برایم خانی، باوکی شەهید هەمزە خانی و مامی فەرماندەی ئازا و تێکۆشەری دێرینی حیزبەکەمان کاک محێدین خان ئەحمەدی، لە تەمەنی ٩٢ ساڵی دا لە شاری بۆکان ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد. مام برایم خانی یەکێک لەو مرۆڤە خۆشەویست و خۆشناوانەی شاری بۆکان بوو کە هەموو کات لە ناوی کۆمەڵانی خەڵک دا جێگە ڕێزێکی تایبەتی بوو. مرۆڤێکی خاوەن هەڵوێست و ئازا و چاونەترس بوو، هەموو کات حەزی بە سەرکەوتنی گەلەکەی دەکرد و هەموو کات پشتیوان وپشتگیری حیزبی دیموکراتی کوردستان و هێزی پێشمەرگە و بزووتنەوەی ڕزگاری خوازانەی گەلەکەی بوو. زۆر جار بە هۆی بوونی کورە ئازا و قارەمانەکەی، شەهید هەمزە خانی، لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات دا، لە لایەن داودەزگا سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئیسلامیەوە تووشی کێشە و لێپرسینەوە هات، بەڵام هیچ کات ئامادە نەبوو لە بەرامبەر دوژمنانی گەلەکەماندا سەر نەوی کات و بە سەربەرزییەوە دەیگووت من باوکی هەمزە و مامی فەرماندەی ئازا و بەجەرگ محێدین خان ئەحمەدی،م. بە داخەوە مەرگ مەودای بەو مرۆڤە ئازیز و خۆشەویستە نەدا کە لەوە زیاتر خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەمان بکات و ئاواتی ئازاد و سەربەخۆیی و هەڵکردنی ئالانی پیرۆزی کوردستانی بردە ژێر خاکی پیرۆزی نێشتمانەوە.