کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونی لە خولی نوێی دانوسانە ئەتۆمییەکەی نێوان ئێران و ١+٥

13:52 - 3 پووشپەڕ 2715

دوانیوەڕۆی سێ شەممە ٢ی پووشپەڕ، عەلی خامنەیی لە چاوپێککەوتنێک‌دا لەگەڵ بەرپرسانی دەزگای دادوەری و بەرپرسانی باڵای رێژیم ئاماژەی بە هێڵە سوورەکانی کۆماری ئیسلامی کرد. لەم چاوپێککەوتنەدا رێبەری کۆماری ئیسلامی وتی ئەمریکا دەیهەوێ پیشەسازیی ناوکیی ئێران لەناوبەرێ و بیکا بە کاریکاتۆر و تابڵۆیەکی بێ نێوەرۆک. عەبباس عەراقچی بەر لە بەجێهێشتنی وتووێژەکان گوتی پێشکەوتنەکان ئەوەندە نین کە چاوەڕوانمان دەکرد و ئەگەر پێویست بکا چەند رۆژی دیکەش وتووێژ دەکەین. محەممەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەش دوای گەیشتن بە لوکزامبورگ وتی: هەموو لایەنەکانی وتووێژەکان خۆ لە زیادەخوازی و ئیدیعای بەدەر لە چوارچێوە نێونەتەوەییەکان ببوێرن بۆ ئەوەی بتوانین بە رێککەوتن بگەین. بە پێی راپۆرتی رۆیتەرز، لۆران فابیوس، وەزیری دەرەوەی فەرانسە کە لەم رۆژانەی دوایی‌ لە سەفەرێکی ناوچەیی‌دا دوای میسر و ئۆردۆن سەردانی ئیسرائیلی کردوە، لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەش لەگەڵ بێنیامین نێتانیاهۆ، سەرۆک وەزیری ئیسرائیل‌دا بە ئاماژە بە دانوسانە ئەتۆمییەکانی ئێران و گرووپی ١+٥ وتی: ئێمە دەبێ لە قۆناغی ئێستادا هەنگاوەکانمان پتەوبن. ئەگەرچی هێشتا روون نیە کە تا کۆتایی مانگی ژوئەن رێککەوتنی نێونەتەوەیی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بێتە ئاراوە. فیلیپ هامۆند، وەزیری دەرەوەی بریتانیاش کە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا چووبووە لوکزامبورگ، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندوە ئێران بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ گرووپی ١+٥ دەبێ نەرمیی زیاتر بنوێنێ.