کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەسمووم بوونی ٨٠ کەس لە دانیشتوانی ئاوایی دووریسانی پاوە و نیگەرانیی خەڵک

14:09 - 3 پووشپەڕ 2715

روون نەبوونەوەی هۆکاری مەسمووم بوونی دەیان کەس لە دانیشتوانی ئاوایی دووریسانی پاوە بۆتە هۆی نیگەرانیی خەڵک. جەهانبەخش وەلەدبەیگی بەرپرسی شەبەکەی بێهداشت و دەرمانی پاوە، دوانیوەڕۆی رۆژی سێ شەممە ٢ی پووشپەڕ لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئیرنا رایگەیاند لە شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممەی رابردووەوە تا ئێستا نزیک بە ٨٠ کەس لە دانیشتوانی ئاوایی دووریسان بە هۆی مەسمووم بوونەوە سەردانی ناوەندە دەرمانییەکان بە تایبەت ئۆرژانسی نەخۆشخانەی قودسی پاوەیان کردوە. وەلەدبەیگی هەروەها وتی: بە وەبەرچاوگرتنی ئەوەی بە قەتعی دیار نیە هۆکاری مەسمووم بوونی دانیشتوانی دووریسان ئاو بێ، پێشنیاری ئێمە بۆ خەڵکی ئەم ئاواییە ئەوەیە کە تا کاتی تاقیکرانەوەی ئاو، هەوڵ بدەن ئاوەکە بکوڵێنن و دواتر بەکاری بێنن. سەعدی ئەفشارپوور، پزیشکی شیفتی ئۆرژانسی نەخۆشخانەی قودسی پاوە وتی: نیشانەکانی نەخۆشەکانی ٢٤ کاتژمێری رابردوومان زیاتر سکچوون، سک ئێشە و بێ حاڵی بووە. دوکتور ئەفشارپور هەروەها گوتی ئەم نیشانانە وەک نەخۆشیی گازتروئانیستی ویروسی دەچن و تا ئێستا سەرچاوەیەکی روونمان بۆ سەلماندنی پیس بوونی ئاو یان سەرچاوەی پیس بوون لەم ئاواییەدا نەدۆزیوەتەوە. ئاوایی دووریسان بە نزیک بە سێ هەزار کەس دانیشتوو لە نزیک شاری پاوە هەڵکەوتووە.