کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ناوچەی سەردەشت کۆماری ئیسلامی کۆنە پێگەی هێزەکانی ئاوەدان دەکاتەوە

07:47 - 4 پووشپەڕ 2715

ژمارەیەک لە پێگە چۆلکراوەکانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی سەردەشت، لەم دوایانە دا ئاوەدان کراونەوە. بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی لە ناوچەی سەردەشت بە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان گەیشتوون، سوپای پاسداران ٧ لە پێگە چۆلکراوەکانی ناوچەی بڵفەتی سەردەشتی ئاوەدان کردوونەوەو بەکرێگیراوانی خۆی تێدا جێگیر کردوون. ئەو ٧ پێگە چۆلکراوە بریتین لە: ١- پایەگای جەنگیی پشتی کۆدەڵێ،٢- پایەگای پشتی کانیلان لە نیوان بەردەسوورو ساوان،٣- پایەگای خۆڵە پۆلێ لە پشتی گوندی زەڵێ، ٤- پایەگای پشتی مەمەنداوێ کە دەڕوانێتە بەردەسوور‌و ئاغەڵان،٥ - پایەگای پشتی سوورەبان کە بە سەر گوندەکانی ئەحمەد بریو، سوورەبان‌و نێوچوان‌دا زاڵە،٦- پایەگای پشتی هەوار سوێسن کە لە پشت ئاوایی کەچەڵاوا هەڵکەوتوە،٧- پایەگای سەرگێز لە نێوان گوندەکانی کەچەڵاو و دێگە. هەروەها لە ناوچەی ڕەبەتیش کۆمەڵێک لە پایەگا چۆلکراوەکان بە تازەیی ئاوەدان کراونەوە کە هێندێکیان بریتین لە: پایەگای چۆلکراوی ئەستۆک لە پشتی لیلانێ، پایەگای چۆلکراوی قەڵات لە ئاوایی گۆڵێ، پایەگای پشتی هەوارەکانی سێوەسوورێ. ئەمانەش لە کاتێک دان کە هەر لە بەهاری ڕابردوو‌دا لە ئاوایی گەنمان، هەم لە نێوماڵان‌و هەم لە پشتی ئاوایی، پایەگای هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، جێگیر کراوە. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکارتی کوردستان گەیشتوون، کۆماری ئیسلامی بە نیازە لە ناوچەکانی بانە‌و پیرانشاریش پایەگا چۆلکراوەکانی ساڵانی پێشوو، ئاوەدان بکاتەوە. سەرچاوەیەکی تایبەت لە نێو هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە ناوچەی سەردەشت ڕایگەیاندوە کە ئاوەدانکردنەوەی ئەو پایەگا چۆلکراوانە پیوەندیی بە حوزووری زۆری تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەو ناوچانە‌و لێبڕاویی ئەم حیزبە بۆ حوزووری هێزەکانی لە قووڵایی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، هەیە.