کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزب لە ڕووداوێکی دڵتەزێن لە ناوچەی مەهاباد

07:51 - 4 پووشپەڕ 2715

بە گوێرەی هەواڵێک کە لە ناوچەی مەهابادەوە بە دەستمان گەیشتوە، ڕۆژی دوو شەممەی ڕابردوو ٣ی پووشپەڕ( ٢٢/٦/٢٠١٥)، کەماڵ گوڵنەوازی خەڵکی گوندی کولیجەی مەهاباد، لە ڕووداوێکی دڵتەزێن دا گیانی لە دەست دا. کەماڵ گوڵنەوازی کە ساڵی ١٣٦٧ لە دایک ببوو، هەتا قۆناغی ناوەندی دەرسی خوێندبووو دواتر لە دێیەکەی خۆیان بە کاری کشتوکاڵەوە، خەریک بوو. چەند ساڵێک بوو هاتبووە ڕێزی تەشکیلاتی نهێنیی حیزب و چالاکانە و بە دڵسۆزییەوە ئەرکی حیزبی‌و خەباتگێڕانەی بەڕێوە دەبرد. سەرئەنجام ڕۆژی دوو شەممەی رابردوو لە کاری خاوێنکردنەوەی بیری ئاو، تووشی گازگرتوویی بوو و بە داخەوە خنکا. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بۆ مەرگی ناوەختی ئەو هاوڕێ دڵسۆزە بە داخەوە بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی، لە هاوڕێ خۆشەویستەکانی، لە خەڵکی ئاوایی کولیجە و تێکڕای دۆستان و ناسیاوانی کەماڵ گوڵنەوازیی جوانەمەرگ دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.