کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەی نهێنیی "هاوکارییە ناوکییە غەیرە نیزامییەکان" لەگەڵ ئێران

15:03 - 4 پووشپەڕ 2715

ئەم بەڵگە نامەیە لەژێر ناوی " هاوکارییە ناوکییە غەیرە نیزامییەکان" رۆژی سێ شەممە ٢٣ی ژوئەن (٢ی پووشپەڕ) بە دەستی هەواڵدەریی ئاسۆشەیتدپرێز گەیشتوە و چەند پێشنیارێک لە بوارە سەرەکییەکانی ناکۆکییە دوولایەنەکان لەخۆدەگرێ. بە پێی ئەم بەڵگەنامەیە رۆژئاوا بەڵێنی داوە لە بەرامبەر راگرتنی چالاکییەکانی نیروگای ئاوی قورسی ئەراک، نیروگای ئاوی سووک بۆ ئێران دابین بکرێ. نیروگای ئاوی قورسی ئەراک توانای بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆمی هەیە کە دەکرێ لە ماوەی ساڵێک‌دا بۆمبی ئەتۆمیی پێ بەرهەم بێ. بەڵگەنامەی " هاوکارییە ناوکییە غەیرە نیزامییەکان" کە لە رێکەوتی ١٩ی ژوئەن (٢٩ی جۆزەردان)ی لەسەرە چەند پێشنیارێک بۆ "پێکهێنانی هاوبەشییەکی نێونەتەوەیی" بە مەبەستی بەڕێوەبردنی تەواوی پەیمانی رێگرتن لە پەرەپێدانی چەکە ئەتۆمییەکان و، دەستهەڵگرتنی ئێران لە کاری لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی ناوکی لەخۆدەگرێ. لەم بەڵگەنامەیەدا هەروەها بەڵێن دراوە کە سووتەمەنیی پێویست و هەموو پێداویستییەکانی هەموو رێئاکتۆرەکان دابین بکرێ. هەروەها بەڵێنی یارمەتی لە بوارە ئاشتیخوازانەکان وەک پزشکیی ناوکی، لێکۆڵینەوە و هەروەها گواستنەوەی پاشەرۆکە ئەتۆمییەکان بە ئێران دراوە. سەبارەت بە سایتی فۆردۆ گوتراوە ئەگەر ئەم سایتە لەجیاتی پیتاندنی ئۆرانیۆم بۆ بەرهەمهێنانی ئیزۆتۆپ بەکاربهێنرێ، دەکرێ لەسەر درێژەدانی کارەکانی رێککەون. بەڵام چونکە بەرهەمهێنانی ئیزۆتۆپ پێویستیی بە تێکنۆلۆژییەکی هاوشێوەی پیتاندنی ئۆرانیۆم هەیە و یەکێک لەم دووانە خێرا دەتوانێ جێی ئەوی دیکە بگرێتەوە، لەوانەیە ئەم پێشنیارە لە لایەن کۆنگرەی ئەمریکاوە دژایەتیی بکرێ. بەوەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە سایتی فۆردۆ لە قووڵایی خاکی ئێران و لە نێو کێوەکاندا هەڵکەوتوە، لە بەرامبەر هێرشە ئاسمانییەکان‌دا پارێزراوە. هەر بۆیە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی زۆر لەمێژە لەسەر ئەوە پێ‌دادەگرن کە چالاکیی پیتاندنی ئۆرانیۆم لەم سایتەدا رابگیرێ. ئەگەر دانوسانەکان بە ئاکام نەگەن، بژاردەی هێرش بۆ سەر ناوەندی ئەتۆمییەکانی ئێران لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بژاردەیەکی بەرچاوە.