کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرەو قۆناغێکی نوێی خەبات و تێکۆشان

15:34 - 4 پووشپەڕ 2715

مێژووی هاوچەرخی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕێڕەوی نەریتی ڕاپەڕینە ناوچەییەکانی پێشوو بەرەو ئاقارێکی نەتەوەیی هەنگاوی ناو ئەمەش بە خاڵی وەرچەرخانی خەبات لەم بەشە لە کوردستان ئەژمار دەکرێ‌، خەباتی رزگاریخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشەنگایەتی حیزبێک کە بەرنامەو پێڕەوێکی سەردەمیانەی ڕەچاو کردووە لە ماوەی ٧ دەیەی ڕابردوودا کلتوورێکی جیاوازی لە ئاستی هەر چوارپارچەی کوردستان هێناوەتە ئاراوە کە جێگەی هەڵوێستە لەسەر کردنە: _ شۆرشگێرانی دێموکرات ڕێبازی خۆنەویستی‌یان لە پێشەوای کۆماری کوردستان بە میرات بۆ ماوەتەوەو هەر لەو چوارچێوەیەشدا لە قۆناخە هەستیارەکان‌دا بە کەم‌ڕەنگکردنی خەباتی خۆیان، تێکۆشاون خەباتی گەلی کورد لە پارچەیەکی‌تر تووشی گرفت و ئاستەنگ نەکەن، ئەگەرچی ئەم هەڵوێستە نەتەوەییە لەلایەن لایەنەکانی پارچەکانی‌تر وەکوو پێویست بەهێند وەرنەگیراوە، بەڵام لە راستیدا ئەگەر ئەم جۆرە بەهاو هەڵوێستە نەتەوەییانە لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە ڕەچاو نەگیرابا، چارەنووسی باشووری کوردستان بە ئاقارێکی نادیاردا تێدەپەڕێ. لە راستیدا نزیک بە ٢ دەیەیە کە تێکۆشەرانی دێموکرات لە پێناوی سەقامگیریی ئەزموونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خەباتی چەکدارییان وەکک یەکێک لە شێوەکانی خەبات خستۆتە پەراوێزەوەو ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بە مارژیناڵ کردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە رووداوەکانی ناوچەدا جێهێشتوە. لە ماوەی ئەم ٢ دەیەیە کۆماری ئیسلامی ئێران بە قۆستنەوەی ئەم بۆشاییەو سازدانی دەیان سێناریۆی جیاواز هەوڵی داوە کە یەکەم، هەبوونی کێشەی کورد لە ئێران و پێویستی چارەسەری ئەم دۆزە دیزە بە دەرخۆنە بکاو دووهەم، بە هەر شێوەیەک بێ لە پەیوەست بوونی کۆمەڵگەی کوردستان بە رێبازی حیزبی دێموکرات رێگری بکا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم مەسەلانەو پەیوەست بەو مێحوەربەندییە ناوچەییەی ئەم چەند ساڵەی رابردوو، حیزبی دێموکراتی کوردستان بە خەسارناسی قۆناغی رابردوو خۆی بە بەرپرس دەزانێ کە بە مەبەستی پووچەڵ‌کردنەوەی پیلانەکانی رێژیم و بەرتەسک کردنی بازنەی هێژمۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەدا بە گڕوتینێکی تازەوە لە هاوکێشە سیاسی و چەکدارییەکانی ناوچەدا ڕۆڵ بگێڕێ. ڕۆڵێک کە بەتایبەتی لە کەیسی " فەریناز خۆسرەوانی"دا گرینگی و بایەخەکەی هەم بۆ کۆمەڵگەی کوردی و هەمیش بۆ تێکۆشەرانی دێموکرات زۆرتر روون بۆوە. خرۆشانی جەماوەری خەڵک لە کەیسی فەرینازدا سەلماندییەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەڕای هەوڵی بەردەوامی بۆ چەواشەکردنی رای گشتی کوردستان و بە مارژیناڵ‌کردنی حیزبی دێموکرات لە ڕوانگەی گەلی کوردەوە هەر میوانە رەزاگرانەکەی ساڵانی ١٣٥٧و ١٣٥٨ی هەتاوییە. لەو چوارچێوەیەدا حیزبی دێموکراتی کوردستان خۆی بە ئەرکدار دەزانێ کە لە هەر چەشنە ئاڵوگۆڕو پێشهاتێک‌دا پشتیوان و پاڵپشتی جەماوەر بێ‌و حوزووری فیزیکی کادرو پێشمەرگەکانی لە سنوورەکانی باشوورو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستپێکی گرێدانی خەباتی شاخ‌و شار لە قەڵەم دەدا. ئەمڕۆکە چیای "هەڵگورد" وەکوو سیمبۆل‌و هێمای بووژانەوەی خەبات سەیر دەکرێ‌، لاوانی ئارمانج‌خوازو پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوونی پێشمەرگەی دێموکرات لە سنوورە دەستکردەکەی باشوورو ڕۆژهەڵات بە سەرەتای قۆناغێکی نوێی خەبات‌و تێکۆشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەسف دەکەن، هەر بەو پێیە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەپێی چاوەڕوانی جەماوەرو رەساڵەتی مێژوویی سەرشانی هەوڵ‌ دەدا پتر لە جاران خەبات‌و تێکۆشانی سێ کوچکەی خەڵک، پێشمەرگە و پارێزەرانی ڕۆژهەڵات هاوتەریب بکا.