کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی پسپۆڕانی ئێرانی و ئەمریکایی بۆ رزگارکردنی گۆلی ورمێ لە وشکبوون

18:09 - 4 پووشپەڕ 2715

لە ئەیالەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، پسپۆڕانی ئێرانی و ئەمریکایی بۆ رزگارکردنی گۆلی ورمێ لە وشکبوون کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان پێک هێنا. حەسەن رووحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، لە یەکەمین کۆبوونەوەی پارێزگارانی دەوڵەتەکەی‌دا (١٧ی بەفرانباری ١٣٩٢) گوتی رزگارنەکردنی گۆلی ورمێ دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی چەند میلیۆن کەس. حەمید چیت چیان، وەزیری وزەش لە یەکەم کۆبوونەوەی دەوڵەتی رووحانی‌دا پێی لەسەر رزگارکردنی گۆلی ورمێ کردەوە و رایگەیاند: "ئەوەی لە گۆلی ورمێ‌دا رووی‌داوە ئەو شتە نیە کە زۆر جار تاقیکراوەتەوە و نموونەی ئەو رووداوە تەنیا لە دەریاچەی ئارال و دەریاچەیەک لە ئەمریکا رووی‌داوە، کەوابێ دەبێ کەڵک لە ئەزموونە نێونەتەوەییەکان وەرگرین". لە پێناو کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونە نێونەتەوەییەکان لە رێکەوتی ١ی سەرماوەزی ١٣٩٢دا لە بێرلین کۆڕێک بە بەشداریی رەحیم مەیدانی، جێگری کاروباری ئاوی وەزرەتی وزە و هێندێک لە ئەندامانی گرووپی کاری رزگارکردنی گۆلی ورمێ، بەڕێوەچوو. ئێستا دوای تێپەڕینی نزیک بە دوو ساڵ لەم کۆڕە، پسپۆڕانی ئێرانی لە زانکۆکانی تاران، تەورێز و ورمێ سەفەری ئەمریکایان کردوە بۆ ئەوەی لەگەڵ هەلومەرجی دەریاچەکانی ئەم وڵاتە لە ئەیالەتەکانی کالیفۆرنیا، نوادا و یووتا کە زۆر وەک دەریاچەی ورمێ دەچن، ئاشنا بن. رۆژی دووشەممە ١ی پووشپەڕ (٢٢ی ژوئەن) کارناسانی ئێرانی و ئەمریکایی لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئیرڤاین کۆبوونەوەی بۆ ئەوەی لەبارەی دووبارە ژیاندنەوەی گۆلی ورمێ‌ و ئەزموونی لێکۆڵەرە ئەمریکاییەکان باس و وتووێژ بکەن. بە پێچەوانەی گەشبینییەکان لە دەرەوەی وڵات بۆ ژیاندنەوە و رزگارکردنی گۆلی ورمێ، لە نێوخۆی ئێران بارودۆخەکە جۆرێکی دیکەیە و رەخنە لە کارکردی دەوڵەت بەرەو زیادبوونە. رەخنەگران دەڵێن دەوڵەتی رووحانی زیاتر حاڵەتێکی رووکەشی و نمادینی هەبووە و لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە کردەوە هیچ ئاڵوگۆڕێکی بەرچاوی بۆ ژیاندنەوەی گۆلی ورمێ پێک نەهێناوە. پەرویز کەردەوانی کە هێندێک لە راگەیەنە ئێرانییەکان بە "باوکی کەویرناسی و سیمای هەرماوی جۆغرافیای ئێران"یان ناوبردوە گوتویەتی:"گەڵاڵەی ژیاندنەوەی گۆلی ورمێ ئیمکانی بەڕێوەچوونی نیە. بە وەبەرچاوگرتنی رادەی هەڵێنجانی ئاوە ژێرزەوییەکان لەم ناوچەیە بۆ کشتوکاڵ، تەنانەت شکاندنی سەددەکانیش ئەم قەیرانە چارەسەر ناکا و هێندێک لە خاوەن ڕایان پێشنیاری وشک کردنی گۆلی ورمێ و کردنی بە پارکی هەتاوییان هێناوەتەگۆڕێ". ئەیوب ئیرانی فام، جێگری جیهادی کەشاوەرزیی ئازەربایجانی رۆژهەڵات، بە ئیرنای راگەیاندوە هێشتا زیاتر لە ٤٠ هەزار بیری ئاوی ناقانوونی لە ناوچەی دەوری گۆلی ورمێ هەیە.