کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگایی کرانی کامران دانشجو، وەک سێهەم کەسی کابینەی ئەحمەدی‌نژاد کە دادگایی دەکرێ

18:11 - 4 پووشپەڕ 2715

بە گوێرەی هەواڵی هەواڵدەریی کاری ئێران، ئیلنا، رۆژی سێ شەممە دووی پووشپەڕ (٢٣ی ژوئەن) سەرۆکی رێکخراوی کاروباری زەوییەکانی ئێران رایگەیاند بە تۆمەتی دەرکردنی ئیجازەی ناقانوونی بۆ گۆڕینی شێوەی بەکارهێنانی زەوییەکانی تاران لە لایەن کامران دانشجو، پارێزگاری پێشووی تاران و وەزیری زانستی دەوڵەتی دەهەم، پەروەندەی قەزایی بۆ ناوبراو پێک هێناوە. کامران دانشجو سێهەمین ئەندامی کابینەی ئەحمەدی‌نژادە کە دوای محەممەدرەزا رەحیمی و حەمید بەقایی دادگایی دەکرێ. قوباد ئەفشار بێ ئەوە ناوی تەواوی دانشجو بێنێ تەنیا بە ناوی "ک. د." یەکێک لە وەزیرەکانی دەوڵەتی دەهەم رایگەیاند ئەم کەسە لە سەردەمی بەڕێوەبردنی پارێزگاریی تاران، ئیجازەی ناقانوونی بۆ گۆڕینی شێوەی بەکارهێنای زەوییە دەست بەسەرداگیرەکان دەرکردوە و هەر بۆیەش رێکخراوی کاروباری زەوییەکان شکایەتی لێ کردوە. سەرۆکی رێکخراوی کاروباری زەوییەکانی ئێران هەروەها رایگەیاند: پەروەندەی ناوبراو وێڕای ژمارەیەک تاوان لە لایەن شارەدارەکانی پێشوو دراوەتە دەزگای دادوەری. یوسفعەلی دەروونپەروەر، یاریدەدەری ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاریی تاران لە سەردەمی دانشجودا، لەم دانیشتنەی دادگادا گوتبووی ئەو هیچکارە نیە و کەسی سەرەکی کامران دانشجویە. هەروەها گوتبووی:سەرۆکایەتیی کۆمیسیۆنی ناوبراو بە دەستی پارێزگار (کامران دانشجو) بووە نەک بە دەستی من کە لێرە دادگایی دەکرێم. مەبەست لە کۆمیسیۆنی ناوبراو، کۆمیسیۆنی ئەسلی مادەی پێنجە کە لەسەر گۆڕینی شێوەی بەکارهێنانی زەوییەکان بڕیاردەدا. بە پێی هەواڵەکان ئەوکات زیاتر لە ١٠٠ هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەی کلاک خرابوونە سەر ناوچەی شارنشینی لەواسان.