کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دزەکردنی چەکدارانی داعش بۆ نێو کوبانی و بەرپەرچدانەوەیان لە لایەن هێزە کوردییەکانەوە

20:07 - 4 پووشپەڕ 2715

بە پێی هەواڵەکان کاتژمێر ٥ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێكی داعش دزەی کردۆتە نێو شاری کۆبانی لە رۆئاوای کوردستان و لە لایەن هێزەکانی یە پە گە و ئاسایش و خەڵکی ئەو شارەوە بەرپەرچدراونەتە و لە کاتژمێر ٥ی بەیانییەوە شەڕ لە نێوان دوو لایەن بەدەوامە. لە ئاکامی ئەو شەڕەدا تا ئێستا ژمارەیەک لە خەڵکی ئەو شارە بە دەست هێزەکانی داعش کوژراو و بریندار بوونە کە زیاتر لە ٤٠ کەس لە بریندارەکان گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکانی تورکیە. لە بەرامبەردا هێزەکانی یەپەگە رادەگەیەنن کە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ١١ کەس لە چەکدارانی داعشیان کوشتوە و ژمارەیەکیان لە مەیدانی ئازادیی ئەو شارە و قوتابخانەی کورکان گەمارۆ داوە و شەڕ لەگەڵیان بەردەوامە. هەروەها هێزەکانی داعش لە بەیانی ئەمڕۆوە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لە سێ کردەوەی تیرۆریستی و خۆکوژیدا ٣ ئوتومبێلی بۆمبڕێژکراویان لە کۆبانی تەقاندەوە کە ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە. هێزەکانی یە پە گە تورکیە بە یارمەتیدانی داعش تۆمەتبار دەکەن و پێیانوایە داعش لە رێگەی تورکیەوە دزەی کردۆتەوە نێو کوبانی، بەڵام بەرپرسانی تورک ئەم ئیدیعایانە رەت دەکەنەوە.