کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە کەسایەتیی گیان بەختکردوی شاری بانە، کاک نەجمە قادری

03:21 - 5 پووشپەڕ 2715

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە دەستپێشخەریی بنیاتی گەشەپێدانی فەرهەنگی و لە هۆڵی ئیرشادی ئیسلامیی شاری بانە، ڕێوڕەسمێکی ڕێز لێنان بۆ کەسایەتیی ناودار و خۆشەویستی شاری بانە، کاک نەجمە قادری بەڕێوە چوو. سەرەتای ڕێورەسمەکە بە پاراستنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە کاکە نەجمە دەستی پێکرد. بە دوای ئەو دا کاک سەید کەمال حسێنی لە لایەن ژووری بازرگانی کوردستانەوە وتار و هۆنراوەیەکی پێشکەش کرد. بە دوای ئەو دا کورتە فیلمێک سەبارەت بە کاروچالاکییەکانی کاکە نەجمە لە گشت بوارەکانی کار کردنی دا پێشکەش کرا. ئینجا بەڕێز سالار ئەنوەری وەک یەکێک دۆستە دێرینەکانی کاک نەجمە، باسێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە ژیانی و بیرەوەرییەکانی خۆی لەگەڵ ناوبراو دا هێنایە زمان. بە دوای ئەو دا بەڕێز کاک فەتاح ئەمینزادە چەند وتەیەکی سەبارەت بە ژیان و بوارە فیکری و کارییەکانی ناوبراو هێنایە زمان. لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە دا هەریەکە لە بەڕیزان محەمەد نەجیب ئاداک، گوڵاڵە درفشان و بەڕێز "عەبدوڵڵا فەرەجی بە وتار و شیعر لەو ڕێوڕەسمە دا بەشدارییان کرد. بە دوای ئەواندا لە لایەن بنیاتی گەشەی فەرهەنگی بانەوە بەڕیز شێرکۆ سەلیمی وتارێکی پێشکەش کرد و وێڕای ئاوڕدانەوە لە کارو چالاکییەکانی کاک نەجمە، بەڵێنی دا کە خەون و ئاواتەکانی ئەو مرۆڤە دڵسۆزە جێبەجێ بکەن و ئەو پڕۆژانەی ئەو لای خۆی گەڵاڵەی کردبوون کە هەمووی بۆ گەشەی فەرهەنگ و کلتووری گەلەکەمان بوو، بگەیەننە ئامانج. ئینجا کیژۆڵەی ژیر و زانای کاک نەجمە، خاتوو " ئابرین" پەخشانێکی لە ژێر ناوی لایە لایە پێشکەش بە ئامادە بووان کرد کە بابەتێک بوو بۆ وەسفی باوکی ئازیزی و ئەو کۆستە گەورەی لە ئەوان و شارەکەیان کەوت. لە کۆتایی ئەو ڕێوڕەسمە دا بەڕێز محەمەد قادری، برا گەورەی کاک نەجمە قادری، لە وتەیەک دا سپاسی هەموو ئەو کەس و لایەن و ڕێکخراوانەی کرد کە لە ڕۆژی لە دەستچوونی براکەیەوە هاودەنگ و هاودەردیان بوون و لە کۆڕی پرسە و یادکردنەوەکەیدا بەشدارییان کردووە. بە دانانی چەند تاجە گوڵینەکەی ڕێز لێنان کۆتایی بەو کۆڕیادە هات. پێویست بە ئاماژەیە کە کەسایەتی ناوداری شاری بانە کاک نەجمە قادری ناسراو بە " نەجمەی ڕەحیم جۆڵا" ڕۆژی ٢٠ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی بە کارەساتی ئۆتۆمبێل لە ڕێگای نێوان سەقز و دیواندەرە گیانی لە دەست دا و ماڵ ئاوایی لە گەل و وڵاتەکەی کرد. کاکە نەجمە یەکێک لەو مرۆڤە خاوەن هەڵوێست و خۆشەویستانەی شاری بانە بوو کە جگە لە پاشخانی سیاسی و تێکۆشانی سیاسی خۆی لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕش دژ بە ڕژیمی پاشایەتی و دواتریش، زۆر بە دەروەستی گەشە و زیندوو ڕاگرتنی کلتوور، ئەدەب و ژمانی ڕەسەنی کوردی و پاراستنی ژینگە و سرووشتی جوانی کوردستان و هاوکات بەرهەمهێنانی هەلی کار بۆ خەڵکانی کەم دەرامەت و هەژارەوە بوو. دەگمەن چالاکی خێر خوازی و کاری هەرەوەزی هەبوو کە کاکە نەجمە وەک دەرفەتێک بۆ دەربڕینی هەستی خۆی کەڵکی لێ وەرنەگرێ و هەموو کات پێشڕەوی خەڵکانی خاوەن هەڵویست بوو. لەم دواییانە دا وەک وتەبێژی ژووری بازرگانی و گەشە پێدانی ئابووری شارە بانە هەڵبژێردرا و لە ماوەیەکی کورت دا هەوڵێکی زۆری بۆ گەشەی ئابووری شاری بانە و بە تایبەت ناوچە سنوورییەکان و هاوکات هەوڵدان بۆ بەر فەرمی ناسینی دروازەی سنووری سەیرانبەن و ناوچەکانی دیکە و کۆتایی هێنان بە کوشتنی کۆڵبەرانی هەزاری ئەو ناوچەیە دا.