کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەیەکی نارەزایەتی لە ناوەندی شاری کۆپێنهاگ،ی پایتەختی دانمارک دژ بە ئێعدامی مەنسوور ئاروەند

02:14 - 6 پووشپەڕ 2715

کاتژمێر٣ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی پووشپەر (٢٠١٥/٦/٢٥)، بە مەبەستی مەحکووم و شەرمەزار کردنی سیاسەتی چەوت و دژی ئینسانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیعدامی نارەوای جیابیران و ئازادیخوازانی ئێرانی، بە تایبەت ئیعدامی لاوانی شۆڕشگێر و ئازادیخوازی گەلەکەمان و بە تایبەت لە سێدارەدانی لاوی قارەمان و خۆڕاگری کورد مەنسوری ئاروەند، خۆپێشادان و کۆبوونەوەیەکی نارەزایەتی لە لایەن کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دیموکراتی کوردستان و بە هاوکاری فدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی دانمارک لە ناوەندی شاری کۆپێنهاگ پێک هات. سەرەتای خۆپێشاندانەکە بە سرودی ئەی ڕەقیب و ساتێک بە بێ دەنگی وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. پاشان لە لایەن یەسنا نەورۆزەوە وەک بەرێوەبەری بەرنامە کورتەیەک لە سەر سێدارەدانی مەنسوری ئارەوەند بە زمانی دانمارکی پێشکەش کرا. کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان و هێز و لایەنی سیاسی و بەتایبەت ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەشدارییان لەو خۆپێشاندانە دا کرد و دەنگی نارەزایەتی خۆیان لە ئاست سیاسەتی دژی گەلی ڕژیمی ئاخوندەکانی دەربڕی و پشتیوانی و هاودەردی لەگەڵ بنەماڵەی بەڕێزی شەهید مەنسور کرد. پاشان لە لایەن فدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانەوەپەیامێک بە دوو زمانی کوردی و دانمارکی پێشکەشی کرا، هەروەها بڕیارنامەیەک بە ناوی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە لە لایەن هااوڕێ هیوا زەبیحی بەرپرسی کۆمیتەی دانمارک خوێندرایەوە. لەو بڕیارنامەدا کە ئاراستەی پارلەمانی دانمارک، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، دامودەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتە و چەندین ڕێکخراوی مرۆڤ دۆست و مەدەنی دانمارکی کرا، داوا کرا بوو کە لە ئاست ئەو هەموو پێشلکارییەی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بێدەنگ نەبن و ڕێژیمی ئێران زیاتر بخەنە ژێر چاوەدێری و فشارەوە و بۆ ئەوەی دەست لەو ئیعدامە نارەوایانە هەڵگرێت و بەندییە سیاسیەکان ئازاد بکا. پێویست بە ئاماژەیە کە خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، وێنەی شەهید مەنسوور ئاروەند و بەندکراوانی سیاسی کوردستان و ئێران و هەروەها گوتنەوەی دروشمی جۆراوجۆر دژ بە ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، نارەزایەتی توندی خۆیان دژ بە ئێعدامی جیابیران و تێکۆشەرانی کورد نیشاندا. جێگەی باسە کە چەندین حیزب و ڕێکخراوی کوردستان بەشداریی ئەو خۆپیشاندانەیان کرد کە بریتی بوون لە: - یەکیەتی نیشتمانی کوردستان - پارتی دیموکراتی کوردستان - کۆمەڵەی شۆڕشگێرانی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران - پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕۆژئاوا - فدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی دانمارک - ئیسیاتیفی کورد دانمارک