کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەراقچی هێندێک لە ئەندامانی ١+٥ی بە "گۆڕینی هەوڵوێست" تۆمەتبار کرد

19:19 - 6 پووشپەڕ 2715

ئەندامی پلە بەرزی تیمی دانوسانکاری ئەتۆمیی ئێران دەڵێ "هێدنێک لەو رێگە چارانەی لە رێککەوتنەکەی لۆزان‌دا لەسەری رێککەوتبوون بۆ رێککەوتنی کۆتایی وڵامدر نین و گۆڕینی هەڵوێستی هێندێک لە وڵاتانی گرووپی ١+٥ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی سەختتر کردوە. بە پێی هەواڵی "رادیۆ فەردا" هاوکات محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی شەممە ٦ی پووشپەڕ، دوای گەیشتن بە وییەن، پێتەختی ئۆتریش، پێی لەسەر ئەوە داگرتەوە کە "کات گرنگ نیە، تەنیا گەیشتن بە رێککەوتنێکی باش گرنگە". عەبباس عەراقچی لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی تەلەڤیزیۆنیی "العالم"‌ی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، رایگەیاند کە لە لۆزان لە زۆر بواردا بە رێگە چارەی باش گەیشتین و ئێستا بەڕێوەدەچن. سەرەڕای ئەوەش، ناوبراو گوتی: لە هێندێک بواردا لە لۆزان رێکنەکەوتین و هێندێک لە رێککەوتنەکانیش ئێستا وڵامدەر نین، بە تایبەت کە هێندێک لە وڵاتانی ئەندامی گرووپی ١+٥ هەڵوێستیان گۆڕاوە و ئەوەش کارەکە سەختتر دەکا. ئەوە لە حالێک‌دایە کە تەنیا ٤ رۆژ ماوە بۆە کۆتایی ماوەی دیاریکراو بۆ رێککەوتنی کۆتایی ئێران و ١+٥ و زۆر کێشە و ناکۆکیی سەرەکی هەروا بێ چارەسەر ماون. بۆ وێنە شێوە و کاتی لابردنی گەمارۆکانی سەر ئێران و هەروەها شێوازی دەستڕاگەیشتن بە ناوەند و بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لەو مەسەلانەن کە دوو لایەن ناکۆکیی جیددییان لەسەریان هەیە. بە هۆی جیددی بوونی ئەم ناکۆکییانە و کۆتایی دەرفەتی رێککەوتنەکە باس لە درێژکردنەوەی ماوەی وتووێژەکان دەکرێ.