کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داعش لە ماوەی ساڵێكدا ٣٠٢٧ كەسی لە سووریە ئێعدام كردوە

16:56 - 9 پووشپەڕ 2715

داعش لە ماوەی 1 ساڵداو لەم كاتەوە كە بەقەولی خۆی لە ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی خۆی لە عێراق‌و سووریەدا خەلافەتی ڕاگه‌یاندوە، زیاتر لە ٣ هەزار كەسی لە سووریە ئێعدام كردوە كە پتر لە نیوەی ئەم كەسانە خه‌ڵکی مەدەنی‌ بوون. ڕێكخراوی چاوەدێریی مافەكانی مرۆڤی سووریە كە مەقەڕەكەی لە لەندەنەو لەگەڵ سەرچاوە هەواڵدەرییەكانی نێوخۆی سووریە لە پێوەندی دایە، دەڵێ لە ڕێكەوتی ٩ ی جۆزه‌ردانی ساڵی ڕابردووی زایینییەوە، ژماره‌ی كەسانی ئێعدامكراو لە لایەن داعشەوە كە لەلای ئەم ڕێكخراوە ناوەكانیانی تۆمار كراوە، گەیشتۆتە ٣٠٢٧ كەس. لەنێو ئەم كەسانەدا، ١٧٨٧ هاووڵاتیی مەدەنی دەبیندرێ كە لەم بەینەشدا 27 كەسیان منداڵن، هەروەها كۆمەڵێك لەم ئێعدام كراوانە دانیشتووی شاری كۆبانێ بوون. ڕێكخراوی چاوەدێری مافەكانی مرۆڤی سووریە ده‌ڵی هه‌ر لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا لانیکه‌م ٢٢٣ كەس لە شاری كۆبانێ ئێعدام كراون. لەم ڕاپۆرتەدا هەروەها هاتووە كە نزیكەی ٩٠٠ كەس لە چەكدارانی ئێعدام كراو لە هێزەكانی لایەنگری بەشار ئەسەد بوون‌و ٢١٦ كەسیش سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریەو لە دژبەرانی داعش‌و هەروەها هێزە كوردییەكانی ئەم وڵاتە بوون. لە لایەكی دیكەوە باس لەوە دەكرێ كە گرووپی داعش ١٤٣ كەسیشی لە ئەندامەكانی خۆی ئێعدام كردوە. زۆربەی ئەمانه‌ كەسانێك بوون كە هەوڵیان داوە خۆیان لە چنگی ئەم گرووپە ڕزگار بكەن‌و ویستوویانە ڕابكەن، بەڵام دەستبەسەر و ئێعدام كراون. ڕێكخراوی چاوەدێری مافەكانی مرۆڤی سووریە له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌‌دا دەڵێ ٨ هەزار كەس لە هێزەكانی داعشیش لە شەڕەكاندا یان لە ڕەوتی هێرشه‌ ئاسمانییه‌کانی هاوپه‌یمانان بە ڕێبەرایەتیی ئامریكا كوژراون.