کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هەر ١٠٠ ژنی دەرچووی زانكۆ ٣١ كەسیان بێكارن

17:07 - 9 پووشپەڕ 2715

جێگری وەزیری كار دەڵێ لە هەر ١٠٠ پیای دەرچووی زانكۆ ١٣ كەس و لە هەر ١٠٠ ژنیش ٣١ كەسیان بێكارن. ئه‌و دەڵێ ئێستا سەدی ٤٠ی بێكارانی ئێران لە دەرچووانی زانكۆكان پێك هاتون‌و لە ساڵانی داهاتوودا ئاماری بێكاری لەوەش زیاتر دەبێ. بەپێی دوایین سەرژمێرییەكانی ناوەندی ئاماری ئێران، لە حاڵی حازردا ڕێژەی بێكارانی خوێندەواری ئەم وڵاتە هەر نەبێ ١ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار كەسە و نزیكەی ٤ میلیۆن خوێندكاریش لە بەرەبەری ته‌واوکردنی خوێندنی زانكۆ و هاتن بۆ نێو بازاڕی كار دان. لە لایەكی دیكەوە باس لەوە دەكرێ كە گرینگترین هۆكاری گەیشتنی حەشیمەتی بێكارانی دەرچووی زانكۆكان بە سنووری قەیران‌و بە میلیۆنی بوونی ئەم حەشیمەتە، نەبوونی پێوەندیی نێوان لقەكانی خوێندنی زانكۆكان بە پێداویستییەكانی بازاڕی كارە. كوروش پەرەند، جێگری وەزیری كار لە نوێترین ڕاپۆرتدا باسی لەوە كردوە كە لە ئێستادا ڕێژەی بێكارانی دەرچووی زانكۆكان سەدی ١٩ یە. ناوبراو گوتوویەتی: ئەم ئامارە دەرخەری ئەوەیە كە لەنێو ١٠٠ دەرچووی زانكۆكاندا، ١٩ كەسیان بێكارن. پەرەند وێڕای ئاماژە بەوەی كە نرخی بێكاریی خوێندەوارانی پیاو سەدی ١٣ و بێكاریی ژنانی خوێندەواریش سەدی ٣١ ڕاگەیەندراوە، پێداگری كردەوە كە، بە واتایەكی دیكە لە هەر ١٠٠ پیاوی ده‌رچووی زانکۆ ١٣ كەسیان بێكارن و لە هەر ١٠٠ ژنی ده‌رچووی زانکۆش ٣١ كەسیان كاریان وەده‌ست نەكەوتووە.