کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێ‌که‌لکیی تەنیا ناوەندیی چارەسەری بریندارانی شیمیایی شاری سەردەشت

17:24 - 9 پووشپەڕ 2715

خەڵكی شاری سەردەشت بە تایبەت بەركەوتووانی شیمیایی، وێڕای دانە بەر ڕەخنەی شێوەی كاركردی دەوڵەت لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا دەڵێن، ڕێكەوتی ٧ی پووشپەڕ بۆ دەوڵەت تەنیا بۆنەیەكە بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمێكی دەوڵەتی‌و زیاد له‌وه‌ چی دیكە نییە. ئەوان دەڵێن بە تێپەڕینی نیزیک به‌ ٣٠ ساڵ دەرد‌و مەینەتییەكانی خەڵكی ئەم ناوچەیە هەر وەك خۆی ماوەتەوەو تەنیا لە ساڵڕۆژی ئەم كارەساتە مرۆییەدا خەڵكی شاری سەردەشت دەچنە ڕیزی سەرەوەی هەواڵەكان، بەڵام ئەم هەواڵانەش بەهۆی بەڵێنییە بەردەوامەكانی كاربەدەستان كە هیچ كاتیش جێبەجێیان نەكردوون بایەخیان نەماوە، چونكی خەڵكی سەردەشت گوێیان لەم هەواڵانە پڕ بووە‌و دەزانن هیچیان لێ شین نابێ‌و بۆ ئه‌وان نابێ به‌ نان‌و ئاو. سەرۆكی ئەنجومەنی بەرگریی لە بەركەوتووانی شیمیایی سەردەشت وێڕای تیشك خستنەسەر ئەم مەسەلە كە سەرەڕای تێپەڕینی ٢٨ ساڵ لە كارەساتی تاڵی بۆمبارانی شیمیایی شاری سەردەشت، گیروگرفتی زامدارانی ئەم بۆمبارانە هەر بەبێ چارەسەر ماوەتەوەو گوتی: سەرەڕای ٣٠ ساڵ بەڵام تا ئێستاش کێشه‌ دەرمانی، بێهداشتی‌و ڕیفاهیی ئەم خەڵكە ئازارچێشتوویە هەر لە جێی خۆیەتی‌و چارەسەر نه‌کراون. ساڵح عەزیزی لە لێدوانێكدا بۆ هەواڵدەریی مێهر، وێڕای ئاماژە بەوەی كە خەڵكی سەردەشت لەگەڵ بێبەشییەكی زۆر بەرەوڕوون، گوتی: لە حاڵی حازردا خەڵكی ئەم شارە بەتایبەت بەركەوتووان و كەمئەندامانی شیمیایی شاری سەردەشت له‌ كەمترین ئیمكاناتی خۆشبژێوی‌و دەرمانی بێبه‌شن. ناوبراو هەروەها باسی لە نیوەداخراو بوونی تاقە كلینیكی دەرمانیی بەركەوتووانی شیمیایی سەردەشت كرد و گوتی بە بڕیاری خامنەیی ساڵی ٨٧ ئەم كلینیكە دامەزرا، بەڵام لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا بەبێ هیچ چەشنە ئیمكاناتێك‌و بەبێ بوونی پزیشكی پسپۆڕ، ئەم ناوەندە هەروا بە نیوەداخراوی ماوەتەوەو بەركەوتووان و كەم ئەندامانی شیمیایی ناچارن بۆ دەرمان و چارەسەری پزیشكی ڕێگەی ورمێ‌و تاران بگرنە بەر. ناوبراو وێڕای ئاماژە بە نەبوون‌و سەردانی نەكردنی ڕێكوپێك و بەوەختی پزیشكە پسپۆڕەكان وەك پزیشكی پێست، چاو و هەروەها پسپۆڕی سییەكان لەم شارە، ڕایگەیاند: لە کاتی سه‌ردانی مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردووی وەزیری بێهداشت‌و خزمەتگوزارییەكانی دەرمانی بۆ ئەم شارە، ناوبراو بەڵێنیی پۆشتەكردن و ناردنی پزیشكی پسپۆڕی بۆ ئەم كلینیكە بە خەڵكی سەردەشت دابوو، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا هیچكام لەم بەڵێنییانەی جێبەجێ نەكردوە. ساڵح عەزیزی ناڕوونی چارەنووسی برینداران و نەقوستانانی شیمیایی شاری سەردەشتی بە یەكێكی دیكە لە گرفتەكانی خەڵكی ئەم ناوچەیە زانی‌و گوتی: سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە ٢٨ ساڵ بەسەر ئەم كارەساتە مرۆییەدا، بەداخەوە تەنیا پەروەندەی پزیشكی بۆ هەزار و ٤٠٠ كەس پێك هاتووەو ٦٥٠٠ كەسی دیكە هەروا چاوەڕوانی پێكهاتنی كۆمیسیۆنی پزیشكی و دیاریكرانی ڕێژەی كەم ئەندامی خۆیانن. ناوبراو لە بابەت بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە تایبەتییەكانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە گوتی: هەموو ساڵێك لەگەڵ گەیشتنی وەرزی هاوین‌و مانگی پووشپەڕ، كاربەدەستانی پێوەندیدارو ڕاگەیەنەكان هەر لە چوارچێوەی قسەدا، سەرنج دەدەنە شاری سەردەشت و بەركەوتووانی شیمیایی ئەم شارە، هەر لەم پێناوەش‌دا گەلێك وادەو بەڵێنی بۆ چارەسەری گرفتەكانی ئەم خەڵكە دەدەن، بەڵام تاكوو ئێستاشی لەگەڵ بێ هیچ كام لە بەڵێنییەكانیان وەدی نەهاتووە و برینی ئەم شارە ساڕێژ نەكراوەتەوە.