کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕینی یارانەی ٤٠٠ هەزار كەس‌و ئه‌گه‌ری درێژكردنەوەی پێدانی یارانه‌کان لە ساڵی ٩٥دا

06:59 - 10 پووشپەڕ 2715

وتەبێژی كۆمیسیۆنی بەرنامە و بوودجەی مەجلیسی شوورای ئیسلامی وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم مەسەلە كە بەپێی ڕاپۆرتی دەوڵەت تا ٣ـ٢ حەوتوو لەمەوبەر یارانەیان لە ٤٠٠ هەزار كەس بڕیوه‌، گوتی: بە ئەگەری یەكجار زۆر دەوڵەت ئامانجدار كردنی یارانەكان لە بەرنامەی شەشەمی گەشەش‌دا دەگونجێنێ. غوڵامڕەزا كاتب وێڕای ئاماژە بە كاركردی ئامانجدار كردنی یارانەكان لە ساڵی ٨٩ڕا تا ئێستا، گوتی: لەم ماوەیەدا نزیكەی ٦٠ هەزار میلیارد تمەن لە سەرچاوە گشتییەكانی دەوڵەت بۆ یارانەی نەغدی تەرخان كراوەو هەروەها ١٣٥ هەزار میلیارد تمەنیش لە ڕێگەی جیاوازایی نرخی وزەهەڵگەركانەوە داهات وەدەستی دەوڵەت كەوتووە. كاتب ڕایگەیاندووە كە لە سەرەتای جێگیر كرانی ئامانجدار كردنی یارانەكانەوە تاكوو ئێستا لە بابەت پێدانی یارانەی نەغدیی بە خەڵك، سەرجەم ٢٠٠ هەزار میلیارد تمەن لە بوودجەی دەوڵەت هەڵگیراوە و گوتوویەتی: بەپێی ڕاپۆرتێك كە كاربەدەستانی دەوڵەت بە مەجلیسیان ڕاگەیاندووە لە ماوەی ٢ تا ٣ حەوتووی ڕابردوودا ناوی زیاتر لە ٤٠٠ هەزار كەس لە لیستەی یارانەی نەغدیی سڕدراوەتەوە. ناوبراو لە درێژەدا گوتی: دیارە بۆوەی كە دەوڵەت بتوانێ ئەم قانوونە بە تەواوی جێبەجێ بكا دەبێ یارانە لە ٧ میلیۆن كەس ببڕێ‌و دەوڵەتیش وەها ئیرادەیەكی بۆ بڕینی یارانە لەم حەشیمەتە هەیە.