کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژكردنەوەی وتووێژە ناوکییه‌كان تا١٦ی پووشپەڕ

07:02 - 10 پووشپەڕ 2715

وتووێژكاران لە وییەن بڕیاریان دا كە وتووێژی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران تا ڕۆژی ١٦ی پووشپەڕ درێژ بكەنەوە. جۆن كێری، وەزیری دەرەوەی ئامریكاو محەممەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ جارێكی دیكەش لە وییەن چاویان به‌ یه‌کتر که‌وت. جۆن كێری پاش چاوپێكەوتن بە جەواد زەریف بە هەواڵنێران كە لە وەزیری دەرەوەی ئامریكایان پرسیبوو ئایا وتووێژ لەگەڵ زەریف جێی دڵگەرمیی بووە، گوتی که‌ وتووێژێكی باشمان بووە. محەممەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش گوتی ئەگەر ڕێككەوتنێك بكرێ، دەبێ هه‌م داواكانی ئێمەو هەم داوای ڕۆژاواش له‌به‌رچاو بگیرێن. ناوبراو گوتی هەموو كاربەدەستانی ئێران گوتوویانە ئێمە ئامادەی وتووێژو دانوستانی ئاقڵانە و مەنتقین، شایانی باسه‌ ئه‌و لە حاڵێكدا ئەم قسانەی دەكرد كە هێندێك لە ڕاپۆرتەكان باسیان لەوە كردبوو شیمانەی ئەوە دەكرێ كە ئێران لە هێندێك لە ماددەكانی ڕێككەوتنی لۆزان پاشەكشە بكا، لە حاڵێكدا كە زلهێزەكانی ڕۆژاوا دەڵێن ڕێككەوتننامەی لۆزان كە فەكت شیته‌که‌ی بڵاو کراوه‌ته‌وه‌، له‌ ئێستاشدا بنەمای سەرەكیی ڕێككەوتنی گشتگیرو هەمەلایەنە دەبێ.