کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی ئیتلاعای لە كەریم مووسازادە، پاش ئازادكرانی لە زیندان

07:05 - 10 پووشپەڕ 2715

كەریم مووسازادە، بەندكراوی سیاسیی كوردی خەڵكی ورمێ، پاش ئازادكرانی لە زیندان ڕاستەوخۆ لە لایەن ستادی خەبەریی ئیدارەیئیتلاعاتی ورمێ‌وه‌ هەڕەشەی لێ كراوه‌ كە نابێ لەگەڵ هیچكام لە ڕاگەیەنە كوردییەكان وتووێژی هه‌بێ. ڕۆژی یەكشەممەی ئەم حەوتوویە، كەریم مووسازادە پاش کێشانی ٦ ساڵ زیندان‌و دوورخرانه‌وه‌ی بۆ زیندانی بەندەر عەباس ئازادكرا، به‌ڵام پاشان لە ڕێگەی تەلەفوونەوە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ هه‌ڕه‌شه‌ی لێکردوه‌ كە نابێ پێوەندی بە ڕاگەیەنە كوردییەكانەوە بگرێ و باس له‌ دۆخی زیندان‌ بكا. سەرچاوەیەكی نزیك لەم بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە كوردە ده‌ڵی ناوبراویان له‌وه‌ش ئاگادار كردۆتەوە كە نابێ هیچ چالاكییه‌کی فەرهەنگیشی هه‌بێ. كەریم مووسازادە ڕۆژی ٧ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٨ لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ دەسبەسەرو پاش ڕاگرتنی ٤٥ ڕۆژ لە ژووری تاكەكەسیی ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی ورمێ وێڕای ئازارو ئەشكەنجە توندی فیزیكی وەك شۆكی ئەلەكتریكی، قامچی لێدان و لە ئاو هاویشتن‌و لێدان و ئەشكەنجەی رۆحی ڕۆژی ٢١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٨٨ بۆ زیندانی ورمێ گواسترابۆوە. ئەم بەندكراوە سیاسییە که‌ لەگەڵ چالاكێكی دیكەی كورد بە ناوی ئەمیر تالبی فەر دەسبەسەر كرابوو، ڕۆژی ٨ ی ڕەزبەر لە لقی یەكی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆكایەتیی قازی دەروێشی بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا به‌هۆی ئەندامبوون لە یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی دژبەری كۆماری ئیسلامی حوكمی ٦ ساڵ زیندان‌و دوورخراوەیی بەسەردا سەپاو لە زیندانەكانی بەندەر عەباس و زاهیداندا ئه‌و ماوه‌ زیندانییه‌ی کێشا.