کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانی، کچی بەندیی کورد حەمەدەمین ئاگووشی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

13:57 - 10 پووشپەڕ 2715

کاتژمێر ٨ی ئێوارەی ڕابردوو سێشەممە ٨،ی پووشپەڕ، کانی کچی حەمەدەمین ئاگووشی لە ماڵەکەی خۆیان لە شاری پیرانشار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. کانی، تەمەن ٢٣ ساڵ و خوێندکاری ساڵی چواری زانکۆ بوو. ناوبراو کە ساڵێک لەمەوبەر دایکی لە دەست دابوو، لە گەڵ براکەی پێکەوە دەژیان. لە‌دەستدانی دایک و بەندکرانی درێژخایەنی باوکی ماوەیەک بوو ئەوی تووشی خەمۆکی کردبوو. بەرەوڕووبوونەوە لە گەڵ کێشە‌و گیروگرفتەکانی ژیان، بۆ کچێکی لاو کە باوکی لە مێژ ساڵە بە هۆی سیاسی لە بەندیخانە دایە‌و دایکیشی لە دەست داوە، توانا‌و تاقەتی ئەو ئینسانەی هەڵپڕووکاندبوو کە سەرئەنجام بە داخەوە ئەم خەم و گرفتانە بە چۆکیان داهێنا. بەم جۆرە کۆماری ئیسلامی هەر تەنیا ئەو مرۆڤانە سزا و ئازار نادا کە جیابیرن‌و بە هۆی سیاسی دەیانخاتە بەندیخانەوە، بەڵکوو ئەندامانی بنەمالەکانیشیان بە هۆی ئەو هەلومەرجە زاڵمانەیەی بۆیان دروست دەکا، دەخاتە بارودۆخێکی دژە ئینسانی. حەمەدەمین ئاگووشی کە لە دوورترین بەندیخانەی ئیران (بەندیخانەی زاهیدان) لە زیندان دایە، چەند سەعاتێک لەمەوبەر لە هەواڵی مەرگی دڵتەزێنی کچەکەی ئاگادار کراوەتەوە. ناوبراو نیوەشەوی ئەمشەو لە زاهیدانەوە بۆ دوامالاوایی لە گەڵ کچە جوانەمەرگەکەی بەرەو تاران وەڕێ کەوتوە و سبەینێش لە تارانەوە بۆ بەخاکسپاردنی کانیی کچی،خۆی دەگەیەنێتەوە پیرانشار. حیزبی دیموکراتی کوردستان، وێرای راگەیاندنی بەداخبوونی خۆی لەم مەرگە دڵتەزێنە، بە گەرمی سەرەخۆشی لە بەندیی کورد حەمەدەمین ئاگووشی، هەموو بنەماڵەی ئەو لاوە جوانەمەرگە و سەرجەم خەڵکی پیرانشار دەکا. بە دڵنیاییەوە، مەرگی خەمهێنەری کانیی ئاگووشی نەفرەت و بیزاریی خەڵکی کوردستان و هەموو ئینسانە شەریف و ئازادیخوازەکان لە ڕێژیمی ئازادیکوژ و جینایەت پێشەی کۆماری ئیسلامی زیاتر و خەباتی ئەوان بۆ کۆتایی هێنان بە تەمەنی ئەو ڕێژیمە شوومە بە گوڕتر دەکا.