کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

په‌یامی هاوخه‌می کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان بە بۆنەی شەهید بوونی ئاکام تەلاج، یەکێک لە بریندارانی رووداوەکانی شاری مەهاباد

15:24 - 10 پووشپەڕ 2715

هاونیشتمانانی بەڕێز! خەڵكی مافخوراوی كوردستان! كۆڕ‌وكۆمەڵەكانی داكۆكیكار لە مافی مرۆڤ! دیسان شاری مەهاباد چوو لە ماتەمی لە دەست دانی رۆڵەیەکی دیکەیەوە. بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە رۆڵەیەکی دیکەی کورد بوو بە قوربانی. شەهیدی ئەم جارەی نیشتمانەکەمان خوێندکارە زامدارەکەی تەقەی راستەوخۆی بەکرێگیراوانی راپەڕینەکەی شاری ماهاباد ئاکام تەلاج،ه کە دوای ٥٣ رۆژ بەربەرەکانی لەگەڵ مەرگ سەرئەنجام رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٨ی پووشپەر بەرابەر بە ٢٩ی ژوئەنی ٢٠١٥ی زایینی گیانی لەدەست دا و چوە نێو ریزی کاروانی نەمرانی گەل‌و نیشتمان. لەو کاتەی دا کە هێشتا خەڵکی مەهاباد پرسەو سەرەخۆشی شەهید مەسنووریان تەواو نەکردوە، هەواڵی مەرگی لاوێکی بەهەڵوێستی دیکەی کورد ئەو شارە زامدار دەکاتەوە. ئاکام لاوی خۆبەخش دوای بەربەرەکانیەکی سەخت لەگەڵ مەرگ سەرئەنجام رووحی بۆ ئاسمانی نیشتمانی دایک باڵی گرت و لەگەڵ روحی فەرینازی جوانەمەرگ یەکیان گرتەوە. هەڵوێستی ئازایانەی ئاکام و لاوانی هاوڕێی، چرای رێگای خەباتی رۆڵەکانی ئەو گەڵە بوو کە نیشانیان دا لەهەر شوێنێک دوژمنانی گەڵ بیانهەوێ پیلان بە دژی گەلی کورد بنێنەوە، بەرهەلەستیان ببنەوەو خەو لە چاویان بترازێنن. مەرگی ئاکام سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە رێژیم لە ئاست پێڕاگەیشتنی بریندارەکانی رووداوەکەی مەهاباد خەمساردی دەکا و هیچ هەوڵێک بۆ نەجات دانی گیانیان نەدراوە. هەر بۆیە پێویستە هەموو دامەزراوەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ هەوڵی بی‌پسانەوە بۆ بارودۆخی بریندارەکانی دیکەو ئەو رووداوە و هەر وەها بەندکراوەکان بدەن و سەرنجی جیهانیەکانی بۆ راکێشن. یەکێتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان وێڕای دەربڕینی ئەو پەڕی داخ‌و پەژارە بۆ لە دەستدانی لاوی بە هەڵوێست ئاکام تەلاج، سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان بە گشتی و بەتایبەتی لە بنەماڵە سەبەرزەکەی دەکات و خۆی بە شەریک و بەشداری غەمیان دەزانێ. روحی ئاکام تەلاج نوێترین شەهیدی رۆژهەلات لە ئارامی ئەبەدی دابێ و یادو ناوی بەرێز بێت. یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان ٩ی پووشپەری ١٣٩٤ی هەتاوی ٣٠ی ژۆئەنی ٢٠١٥ی زایینی