کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زامە کۆن و نوێیەکانی ئەمڕۆی رۆژهەڵاتم

16:38 - 11 پووشپەڕ 2715

ئەگەر زۆر بۆ دوور نەگەڕێینەوە و تەنیا لە یەک، دوو حەوتووی رابردوەوە چاو لە هەواڵ و بابەتەکانی رۆژانەی کوردستان بکەین هەواڵی دڵتەزێنی وا دەبینین و دەبیستین کە تەنیا هەواڵێکی سادە و ساکار و رۆژانە نین و ئەگەر نەختێک لێی رادەمێنی تەنیا و تەنیا دەکرێ بە تراژدیا و کارەسات ناویان بەرین و ئەگەر لە وڵاتی خواپێداوان بایە بێگومان دەبوونە سەرچاوەی ئاڵوگۆڕی گرینگ بەڵام لە وڵاتی ئێمە وەک دەکوترێ بەداخەوە ئەو رووداو و هەواڵانە خەریکە لە لامان ئاسایی دەبێتەوە و تەنیا وەک هەواڵی رۆژ چاویان لێ دەکرێ و هیچی دیکە. جگە لەوانە رۆژی واش هەیە وەبیرهێنەرەوەی کارەساتێکی مرۆییە کە دەبێ لە ئاستی جیهانیدا خوێندنەوەی بۆ بکرێ کەچی دۆخی نالەباری رۆژهەڵاتی کوردستان تەنانەت لەوەشدا کورتی دێنێ. هەر ئەم دوو حەوتوویەی رابردوو لە ئیعدامی بەندیی سیاسی مەنسوور ئاروەند بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە بگرە تا دەگاتە مەرگی ئاکام تەللاج پاش ٥٣ رۆژ لە پێکرانی لە خۆپیشاندانەکەی شاری مهاباد بۆ مەرگە دڵتەزێنەکەی فەریناز و مەرگی هەژێنەری کانی کچی بەندیی سیاسی محەمەدەمین ئاگووشی و تێپەڕینی ٨ ساڵی تەواو لە زیندانی کردنی محەمەد سدیق کەبوودوەند و کوێرەوەریەکانی خۆی و بنەماڵەکەی لەم ٨ ساڵەدا، نـموونەیەک لەو هەواڵ و رووداوانەن کە دەکرێ تەنیا بە کارەسات ناویان بەرین و هیچی دیکە. لە لایەکی دیکەشەوە یادی بومبارانی شیمیایی سەردەشت کە ٢٨ ساڵ لەوەپێش وەک یەکەمین شار لە جیهاندا بوو بە قوربانی چەکی شیمیایی لە شەڕی نێوان ئێران و عێراق، نموونەیەکە لە کارەساتی مرۆیی و یەکێکی دیکە لە زامەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ئێستاشی لە گەڵ بێ پاش ٢٨ ساڵ رۆژ بە رۆژ قوربانی تازەی لێ دەکەوێتەوە و بەم زووانەش کۆتایی پێ نایە. ئەم چەند هەواڵە وەک مشتێک لە خەروار باس کرا کە زیاتر پێوەندییان بە دۆخی سیاسی کوردستانەوە هەیە دەنا دەیان کێشەی کۆمەڵاتی دیکە وەک کێشە ئیعتیاد و مادەسڕکەرکان و ئاکامە خراپەکانی پاش ئەو کێشانە و کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەرانی سەر سنوور و بێکاری و رووخاویی ئەو کۆمەڵگایە لە هەموو بارێکەوە وجوودی هەیە کە ئەمانەش هەر پێوەندیی راستەوخۆیان بە سیاسەتی پڕ لە رق و کینەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرانبەر بە کوردستانەوە هەیە کە لە تاقەتی ئەم وتارەدا نیە و هەر کام دەبێ بە جیا لێکۆڵینەوەی لە سەر بکرێ. مەرگی دڵتەزێن و لەناکاوی کانی ئاگووشی و تێپەڕینی ٨ ساڵ لە بەندکرانی کەبوودوەند وەک دوو نموونە لە زامە کۆن و نوێیەکانی رۆژهەڵات دەخەمە بەرچاو کە هەرکامیان نیشانەی زەق و بەرچاوی دوژمنایەتی و شەڕی بێ کۆتایی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ خەڵکی کوردستانن. دوو رۆژ لەوەپێش کانی کچە خوێندکاری زانکۆ کە ساڵەهایە باوکی واتە محەمەد ئەمین ئاگووشی بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی لە زیندان بەند کراوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. کانی ساڵی پاریش دایکی کە موعەللیمێکی بازنشستە بوو کۆچی دوایی کرد و مایەوە لە گەڵ برایەکی. وەک دەکوترێ مەرگی دایک و زیندانی بوونی باوک بڕستی لە کانی بڕیبوو بە شێوەیەک کە تووشی خەمۆکیی کردبوو و بەداخەوە بەوشێوەیە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. مەرگی کانی ناکرێ وەک رووداوێکی ئاسایی چاوی لێبکرێ چونکە ئەوە چیرۆکی خەفەت هێنەری دەیان و بگرە سەدان بنەماڵەی خەڵکی کوردستانە کە کۆماری ئیسلامی نەتەنیا یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵە بە تاوانی نەکردە سزا دەدا بەڵکوو هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەش سزا دەدا، جا بیهێنە بەرچاوی خۆت لە دۆخێکی وەهادا و لە کۆمەڵگایەکی تا سەر ئیسقان رووخاوی دەستی کۆماری ئیسلامی کچێکی ٢٣ ساڵە چۆن بەربەرەکانی لە گەڵ ئەو هەموو ئازارە بکا کە رئفەتی ئیسلامی ئیزنی بەوە نەداوە کە باوکی تەنانەت لە شارەکەی خۆی زیندانی بکرێ و بۆ هەزاران کیلۆمیتر واتە شاری زاهیدانی دوور خستووتەوە. ئەی کەبوودوەند بۆچی ئەوڕۆ پێی نایە نۆهەمین ساڵی زیندانی کرانی.؟ محەمەد سدیق کەبوودوەند نە ئەندامی هیچ حیزبێکی سیاسی بوو و نە شەڕیشی لە گەڵ خوا کردبوو، کەبوودوەند تەنیا و تەنیا لە بەر ئەوەی کە قۆڵی هیممەتی لێ هەڵماڵیبوو کە دەنگی کانی و فەریناز و مەنسوور و ئاکامەکان بە دنیا بگەیینێ و نەهێڵێ بە بێکەسی بگیرێن و بکوژرێن و بنێژرێن. بەڵێ تاوانی کەبوودوەند دامەزرانی رێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان بوو. ئەم ماوەیەش چی بە سەر کەبوودوەند و بنەماڵەکەیدا هاتوە بۆ خۆی چیرۆکێکی دوور و درێژە. کەبوودوەند لە کاتی گیراندا لەشی ساق و سڵامەت بوو بەڵام لەم ٨ ساڵەدا لەگەڵ هەموو جۆرە شکەنجە و ئازار و بێ رێزییەک لە زینداندا تووشی چەندین جۆر نەخۆشی هاتوە کە تەنانەت بۆ چارەسەری ئیزنی چوونە دوکتوریشیان پێ نەداوە، مووچە و حقووقی مانگانەیان وەکوو کارمەند لێ بڕیوە و بنەماڵەیەکی چوار کەسیی لە شارێکی وەکوو تاراندا بە جێ هێشتوە. سەرباری هەموو ئەوانە یەکێک لە کوڕەکانیشی تووشی سەرەتانی خوێن هاتوە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پاش ٥٥ رۆژ مانگرتن لە خواردن ئیزنیان پێ دا کە بۆ ماوەی ٣ی رۆژ و بۆ دیتنی کورەکەی لە زیندان بێتە دەرێ و هەتا ئێستاش هیچ یاسایەکی دەزگای قەزاییەکەی خۆشیان پێ رەوا نەدیوە کە کۆتایی بە زیندانەکەی بێت...راوەستاو بی پیاو بۆ خۆڕاگریت. بەڵێ ئەمانەی کە باس کرا تەنیا چەند نمـوونەیەکن لە زامە کۆن و نوێیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، زامی گەلێ کە سەرەڕای هەموو ئەمانە هیچکات کۆڵی بە داگیرکەران نەداوە و تا گەییشتن بە مافەکانی خۆی سوورە لە سەر خەبات و تێکۆشان.