کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سه‌ردانی دەستەی نوێنەرایەتیی حیزبە رۆژهەڵاتییەکان له‌ وەزارەتی دەرەوەی فینلاند

23:56 - 12 پووشپەڕ 2715

دەستەی نوێنەرایەتی حیزبە رۆژهەڵاتیەکان سەردانی وەزارەتی دەرەوەی فینلاندیان کرد بە بۆنەی هەشتەمین ساڵوه‌گه‌ڕی زیندانیکرانی سەدیق کەبوودوەند، سەرۆکی بەندکراوی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، دەستەی نوێنەرایەتیی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سەردانی بەشی مافی مرۆڤی یەکەی سیاسی‌و ستراتێژی وەزارەتی دەرەوەی فینلاندیان کردو لەلایەن بەرێوەبەری بەشی مافی مرۆڤی ئەو وەزارەتخانەیەوە پێشوازی لێ کرا. لەو دیدارەدا دەستەی نوینەرایەتی وێرای پێشکەشکردنی راپۆرتێکی تێروتەسەل لە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران‌و کوردستان، وەرگێراوی ئەو قانوونانه‌ی کۆماری ئیسلامی کە بەپێی ئەوان چالاکانی سیاسی‌و مەدەنی دەستبەسەر، زیندانی‌و ئێعدام دەکرێن‌و، هەروەها نامیلکەیەک لە سەر سیستەمی سیاسی کۆماری ئیسلامی و پرسی کورد لە ئیران پێشکەشی نوێنەرایەتی وەزارەتی دەرەوەیان کرد. لە پێوەندی لە گەڵ پێشێلکاری مافی مرۆڤ دەستەی نوێنەرایەتیی حیزبە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، داوانامەیەکیان به ‌وەزارەتی دەرەوە داو لەوداوا نامەیەدا، داوا لە دەوڵەتی فینلاند کراوه‌ تا لە رێگای پیوەندیە دیپلۆماتیکیە دوولایەنە و لە رێگای پێوەندیەکانی ئەنجوومەنی ئورووپاوە ئێران ناچار بکەن واز لە سەرکوت‌و ئازارو ئەشکەنجەی چالاکانی سیاس‌ و مەدەنی کورد بێنێ. هەروەها لە وڵاتی فینلاند داواکرا کە بە لەبەرچاوگرتنی دۆکترینی سیاسەتی دەرەوەی خۆیان لە مەڕ پاراستنی مافی مرۆڤ، هەموو هەوڵی خۆیان بۆ ئازادکردنی سەدیق کەبوودوەند سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان وەگەڕ بخەن. شایانی باسه‌ له‌و دیداره‌دا دکتۆر نینا نۆردستروم، بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ وەزارەتی دەرەوە، یانینا هاسێنسۆن جێگری بەرپرسی گشتی بەشی مافی مرۆڤ و ئانماری فرۆبێرگ، راوێژکاری سیاسی مافی مرۆڤ بەشداری کۆبوونەوە بوو‌ن‌و خەلیل عەلیزادە لە بەشی پێوەندیەکانی کۆمیتەی فینلاند لەو دیدارەدا نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ده‌کرد.