کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوانامە بۆ دەوڵەتی فینلاند بە مەبەستی شەرمەزارکردنی شەپۆڵی ئێعدامەکان لە ئێران

00:01 - 13 پووشپەڕ 2715

رۆژی چوارشەممە ١.٧.٢٠١٥ دەستەی نوێنەرایەتیی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی گەیاندنی دەنگی زیندانیانی سیاسیی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی و نارەزایەتی لە هەمبەر پەرەگرتنی شەپۆلی ئیعدامەکان، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی فینلاندیان کرد و دەقی داواکاریی خۆیان سەبارەت بەو بابەتە پێشکەش بە دەوڵەتی فینلاند کرد. ئەو داواکاریە وەک خواستی خۆپێشاندەرانی ئاکسیۆنی رۆژی دووشەممە ٢٢ی ژوئەنی ٢٠١٥ پێشکەش کرا کە بۆ شەرمەزار کردنی ئیعدامی شەهید مەنسووری ئاروەند لە بەردەم سەفارەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری هێلسینکی بەڕێوە چوو. داوانامە بۆ دەوڵەتی فینلاند بە مەبەستی شەرمەزارکردنی شەپۆڵی ئێعدامەکان لە ئێران لە دەوڵەتی فینلاند داوا دەکەین، زیندانی، ئەشکەنجە و ئێعدامی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە توندی شەرمەزار و مەحکووم بکات. رۆژی ١٤ی ژوئەنی ئەمساڵ مەنسوور ئاروەند، زیندانی سیاسی کورد ، کە پێشتر حوکمی لەسێدارەدان ئەو بە زیندانی هەتاهەتایی گۆڕابوو، لە لایەن رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە زیندانی میاندۆئاو ئێعدام کرا. کاربەدەستانی رژێمی ئێران تەنانەت پارێزەر و بنەماڵەشیان پێشوەخت ئاگاداری بەرێوەبردنی حوکمی ئێعدامی مەنسوور ئاروەند نەکردووە. تا ئێستاش تەرمی قوربانی بە بنەمالەکانیان نەدراوە. لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا نزیک ١٦٠ کەس لە خەڵکی ئێران ئێعدام کراون. هەر ئێستا ٢٧ زیندانی سیاسی کورد حوکمی ئێعدامیا بەسەریان سەپاوە و چاوەڕوانی جێبەجێ کردنی حوکمیان دەکەن. لە ساڵی ٢٠١٤ لانی کەم ٧٥٣ کەس لە زیندانیان ئێعدام و لە سێدارە دراون. زۆربەی حوکمی لەسێدارەدانەکان لە گۆڕەپانەکان و لە بەر چاوی خەڵک کە مناڵیشیان تێدا بووە جێبەجێ کراون. لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٥دا لانی کەم ٥٠٠ کەس ئێعدام کراون. ساڵانە بە لانی کەمەوە نیو ملیۆن لە خەڵکی ئێران بە هۆی جۆراوجۆرەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامی دەگیرێن و زیندانی کورت خایەن و درێژخایەن دەکرێن. هەر ئێستا لانی کەم ٤٠٠ مناڵی خوارەوەی تەمەن دوو (٢) ساڵانە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا لە هەلومەرجی زۆر تراژیک لە گەڵ دایکەنیان زیندانین. لە سەرەتای دەسپێکی سەرۆککۆماری حەسەن رۆحانیەوە، بەهۆی گفتگۆکانی ناڤۆکی ئێران، پرسی مافی مرۆڤ و ئێعدامی زیندانیانی سیاسی و مەدەنی لە لایەن کۆمەڵگای جیهانیەوە لە پەراوێز خراوە. لە ئەنجامدا کۆماری ئیسلامی بێترس و نیگەرانی رۆژ بە رۆژ شەڕی کوشت و بڕی رۆڵەکانی نەتەوەکانی ئێران توندوتیژتر دەکات. ئێمە، لە دەوڵەت، پەرلەمان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە فینلاند داوا دەکەین کە: ١. ئێعدامی مەنسوور ئاروەند و زیندانیانی سیاسی و مەدەنی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێراندا بە توندی شەرمەزار بکەن. ٢. داوا دەکەین دەوڵەتی فینلاند لە نفووز و پێوەندیەکانی دیپلۆماتیکی خۆی کەڵک وەرگرێت بۆ زەخت خستنە سەر کۆماری ئیسلامی، تاکۆتایی بە ئازار و ئەزیەتی جیابیران و ئازادیخوازان بهێنێت. ٣. کۆماری ئیسلامی لە ژێر فشار بخرێت تا حوکمی ئێعدامی زیندانیانی سیاسی و مەدەنی هەڵوەشێنێتەوە. ٤. کۆتایی هێنان بە سیاسەتی سەرکوتی خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ٥. ئێران توندوتیژی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی خۆی دژی گەلی کورد کۆتایی پێ بێنێت داوا لە دەوڵەتی فینلاند دەکەین، ببێتە هاندەری ئێران لە پیناو چارەسەری ئاشتیخوازانەی پرسی کورد لە ئێراندا. هێلسینکی ١.٧.٢٠١٥