کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مردنی ٣٦٢ هەزار کەس لە ئێران بە ڕووداوی هاتوچۆ لە ماوەی ١٧ ساڵی ڕابردوودا

16:47 - 14 پووشپەڕ 2715

لە ١٧ ساڵی ڕابردوودا لە ئێران ٣٦٢ هەزار و ٧٨٦ کەس بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لە دەست داوە. ئەسەدوڵڵا جۆلایی، بەڕێوەبەری گشتیی ستادی دییە دەڵێ لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا لە ئێران بە شێوەی نێونجی ٢١ هەزار و ٣٤٠ کەس لە ساڵدا بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆو پێکدادانی ماشێن گیانیان لە دەست داوە. ئەو دەڵێ ڕووداوەکانی هاتۆچۆ یەکێک لە سێ هۆکارە سەرەکییەکانی مردن‌و تێداچوون لە ئێرانە. ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین ژمارەی قوربانیانی ڕووداوەکانی هاتوچۆی هەیە و هەر لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ‌دا هەر نەبێ١٦٥١ کەس بە هۆی پێکدادانی ماشێن‌و ڕووداوەکانی دیکەی هاتوچۆ گیانیان لە دەست داوە. جۆلایی هەروەها گوتەیەتی کە لە ساڵی ٨٢ دا نیزیک بە٣٠ هەزارو ٢٠٠ کەس بەهۆی رووداوەکانی پێکدادانی ماشێن لە زینداندا بوون، بەڵام دوای پەسندکرانی قانوونی بیمەی کەسی سێهەم، لە ئێستادا ژمارەی زیندانییەکانی ڕووداوی هاتوچۆ کەمتر لە ١٠٠٠ کەسە. شایانی باسە کارناسانی ڕێگاوبان دەڵێن زۆربوونی ماشێن لە جادەکان، کەمیی زەرفییەتی ئوتوبانەکان‌و هەروەها هەبوونی ٢٠٠٠ خاڵی ڕووداوخوڵقێن لە جادەکانی ئێران لە تەنیشت کەمیی خزمەتگوزارییەکانی خۆپاراستن‌و بەهاناوەچوون‌و فەرهەنگی نابەجێی شۆفیری گرینگترین هۆکارەکانی زۆربوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێرانن