کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێلاری كلینتۆن: ڕێككەوتنی ئەتۆمی ڕێگری لە دەستێوەردانه‌کانی ئێران ناكا

05:17 - 15 پووشپەڕ 2715

هێلاری كلینتۆن، بەربژێری سەركۆماریی ویلایه‌ته‌ یەكگرتووەكانی ئامریكا پێی وایە تەنانەت ئەگەر ئێران ڕێككەوتنامەی ئەتۆمیش ئیمزا بكا، دیسانیش ئەم وڵاتە واز لە دەستێوەردان‌و خۆهەڵقورتاندان لەم وڵاتانی ناوچەیە ناهێنێ. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، كلینتۆن كە لە كۆبوونەوەیەكی که‌مپه‌ینی هەڵبژاردن له‌ ویلایه‌تی نیوهامپشاێر قسەی دەكرد گوتی: ئێران سەرەكیترین وڵاتی پشتیوانی تێرۆریسم لە ئاستی جیهانە. كلینتۆن هیوای خواست كە كۆماری ئیسلامی و زلهێزە جیهانییەكان لە ڤیەن بە ڕێككەوتنێكی پتەو و ڕاستەقینە بگەن، بەڵام پێی وابوو كە سەرەڕای ئیمزا كرانی ڕێككەوتنامەیەكی لەم چەشنەش، كۆماری ئیسلامی لە پشتیوانی كردنی تێرۆریسم بەردەوام دەبێ. كلینتۆن پێی وایە كۆماری ئیسلامی هیچ كات واز لە لەرزۆك كردنی دەوڵەتەكانی ئەم ناوچەیە ناهێنێ‌و هەروا وەك مەترسییەك هەڕەشە لە بوونی ئیسراییل دەكا. شایانی باسە زلهێزە جیهانییەكان و ئێران تا ڕێكەوتی ١٦ی پووشپەڕ كاتیان داناوە تا بۆ بەرتەسك كردنەوەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بە ڕێككەوتن بگەن، تا بەپێی ئەم ڕێككەوتنە كۆماری ئیسلامیی ئێران بەرنامەی ئەتۆمیی خۆی سنووردار بكا و لە بەرامبەریشدا ئەم گەمارۆیانەی كە ئابووریی ئێرانیان ئیفلیج كردووە لەسەر ئەم وڵاتە هەڵگیرێن.