کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆكی پارلمانی عێراق: کێشه‌مان لەگەڵ دابەشبوونی عێراق نییە

05:24 - 15 پووشپەڕ 2715

سەرۆكی پارلمانی عێراق وێڕای ئاماژە بەوەی زۆربەی گرووپە سیاسییەكان لارییان له‌گه‌ڵ بەڕێوەبردنی وڵات بە شێوەی فیدراڵی نییه‌‌و به‌ دروست كردنی چەند هەرێمێك ڕازین، ڕایگەیاند كە دەوڵەت كێشەی له‌گه‌ڵ دابەشبوونی عێراق بەبێ شەڕو خوێنڕشتن‌و نییەو ئه‌و واقعه‌ش لە بەرژەوەندیی ناوچەكەش دایە. سەلیم جبوری، سەرۆكی پارلمانی عێراق بە كاناڵی تلویزیۆنی دیجلەی گوت: ئەگەر ڕەوتی ئاشتیی میللی لە عێراق شكست بخوا زۆربەی لایەنە سیاسییەكان بە دابەشبوونی عێراق بە سه‌ر چەند هەرێم‌دا ڕازین. ناوبراو وێڕای ئاماژە بەوەی كە ڕێژەی ئه‌وانه‌ی پشتیوانی له‌ گەڵاڵەی دابەشكردنی عێراق بە چەند هەرێمدا ده‌که‌ن هه‌ر دێ‌و زیاد ده‌کا، ده‌ڵێ ئەم گەڵاڵەیە لە نێو خەڵك و گرووپە سیاسییەكان پێشوازیی بەرچاوی لێكراوە‌و؛ ئێمە هیچ كێشەیه‌کمان لەگەڵ دابەشكردنی وڵات نییە بە مەرجێك ڕەزامەندیی هەموو لایەنەكانی لەسەر بێ و بە بێ خوێنڕشتن جێبەجێ بكرێ. جبوری پێداگریی كردەوە داواكاریی دابەشكردنی عێراق‌و دروستكردنی چەند هەرێمێك وردە وردە لە نێو كۆمەڵگەی سیاسی‌دا خه‌ریکه‌ جێ ده‌گرێ. سەرۆكی پارلمانی عێراق لە بارەی بژێرەی پێكهاتنی دوو هەرێم بۆ سوننی‌و شیعەكان لە ئاستی ئەم وڵاتەدا گوتی: ئەم گەڵاڵەیە لە هەمان كاتدا كە كێشەخوڵقێنە، چارەسەری كێشەكەشە. سەرۆكی پارلمانی عێراق لە كۆتاییدا لە بارەی قۆناغی پاش لەنێوبردنی داعش‌و ئەم چەك و چۆڵانەی لە بەر دەستی میلیشیاکان دایه‌، نیگەرانی خۆی لە بابەت ئەم مەسەلە دەربڕی و پێداگری كردەوە كە مەترسییەكانی قۆناغی پاش لەنێو بردنی داعش كەمتر لەم قۆناغەی ئێستا نییە.