کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

به‌شداریی هه‌یئه‌تێکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له‌ کۆبوونەوەی شۆڕای ئێنتێرناسۆناڵی سوسیالیست‌دا

01:56 - 17 پووشپەڕ 2715

به‌ به‌شداریی هه‌یئه‌تێکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کۆبوونەوەی شۆڕای ئێنتێرناسۆناڵی سوسیالیست لە نیۆیۆرک ده‌ستی به‌کار کردوه‌. لە سەربانگهێشتی ڕه‌سمیی ڕێکخراوی ئینترناسیۆنال سوسیالیست بۆ کۆبونەوەی ساڵانەی شورای ئەو ڕێکخراوەیە، کە ئەمسال لە شاری نیۆیۆرک‌و لە مەقەری نەتەوە یەکگرتوەکان بەڕێوە دەچێ، هەیئەتێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان پیکهاتوو لە کاک مستەفا شڵماشی، ئەندامی دەفتەری سیاسی‌و بەرپرسی کومیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزب به‌ هاوڕێیەتیی کامران باڵنور و خەبات ئیبراهیم پور بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بوون. به‌یانیی رۆژی دووشەممە، ١٥ ی پووشپه‌ڕ ( ٦ی جولای ٢٠١٥) کۆبوونەکە بەوتاری لوئیس ئایالا، سکرتێری گشتیی سۆسیالیست ئینتئرناسیۆنال ده‌ستی پێکرد، پاشان جۆرج پاپاندرۆ، سەرۆکی ڕێکخراوی سوسیالیستی نێونەتەوەیی وتاری خۆی پێشکەش کرد که‌ پێوه‌ندی بە کیشەی ئابووری، تێرۆریزم و چەندین تەوەری دیکەی جیهانی هه‌بوو. ئەوەی کە جێی سەرەنج بوو ئەوە بوو کە کۆبونەوەی ئەم جارە گەلێک تایبەتمەندی خۆی هەبوو، بۆ وێنە بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەو ڕێکخراوەیە دا، یەکەم وتاری بەشدارانی کۆبوونەوەکە لە لایەن هێمن هەورامی، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان پێشکێش کرا که‌ وتاره‌که‌ی له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کێشەی داعش‌و شەری کورد دژ بەو ڕێکخراوە تێرۆریستییەو راکێشانی سەرنجی جیهان بۆ یارمەتیدانی زیاتری کورد لە میدانی شەر دا و هەروەها باسێکی چڕوپر لە سەر کێشەی ئاوارەکان بوو.. هەروەها ئیبراهیم موسلیم، نوێنەری پەیەدە وتارێکی لە سەر هەلومەرجی کورد لە رۆژئاواو شەری کورد لە دژی داعش و چەندین تەوەری دیکە پێشکەش کرد. نوێنەری پەیەدە داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کرد کە بە هانای گەلی کوردەوە بێن‌و پشتیوانی هیزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن بۆ بەرەنگار بوونەوە و تێکشکاندنی ڕێکخراوی تێرۆریستی داعش. له‌ په‌راوێزی کاری کۆبوونه‌وه‌که‌ش‌دا مستەفا شەڵماشی، لەگەڵ جۆرج پاپاندرۆ، لوئیس ئەیالا و خاتوو وەفا، بەرپرسی بەشی ژنانی ئینترناسیۆنالی سوسیالیست و چەندین کەسایەتی دیکە دیدار و چاوپێکەوتنی کرد و لە نزیکەوە لە سەر دۆخی نالەباری ئێران ‌ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی کورد به‌هۆی ڕژیمی ئیسلامی ئێران قسەو باسی کرد. هه‌ر له‌ په‌راوێزی دانیشتنه‌کانی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا کاک مستەفا شەڵماشی هەموو لایەنە کوردە بەشداربووەکانی بۆ باس و ڕاوێژ، لە دەوری یەک کۆکردەوە. لەو دانیشتنەدا کاک مستەفا و کاک هێمن هەورامی له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پێویستیی کۆدەنگی لایەنە کوردییەکان، بە تایبەت سەبارەت بەو باسانەی کە گرێدراوی کورد و دۆزی رەوای کوردن، قسه‌یان کرد. لە کۆتایی رۆژی یەکەمی کۆبونەوەکە دا لە لایەن جێگری سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان باسێک لەسەر مەسەلەی تێرۆر، کۆچی بە کۆمەڵی خەڵک، بە تایبەت پاش سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تێرۆریستی داعش و ئابوری جیهان پێشکەش کرا و بەشدارن چەندین پرسیاریان ئاراستە کرد و ناوبراو وڵامی دانەوە.