کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆڕێکی ماتەمینی لە ئوسترالیا، بۆ ڕێزگرتن لە تێکۆشەری کۆچکردوو مام براییم پەیڕەوان

02:01 - 17 پووشپەڕ 2715

ئیوارەی روژی شەممە ٤ی جولای ٢٠١٥ی زایینی، کۆڕێکی ماتەمین بۆ رێز گرتن له خەبات و تێکوشانی مام برایم پەیرەوان پیشمەرگەی کٶچ کردوویی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری ئادیلاید،ی وڵاتی ئوسترالیا ڕێکخرا. لەو کۆڕیادە کە بەشێکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتوی ئەو شاڕە تێیدا بەشدار بوون، سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی ئەیی ڕەقیب و خولەکێک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد. ئینجا لە لایەن بەڕیوەبەری کۆڕیادەکە، خاتوو شەهلا پەیڕەوان بەخێرهاتنی ئامادە بووان کرا. پاشان چەندین وێنەی نایابی تێکۆشەری خۆشەویست مام براییم بە ڤیدیۆسلاید و ئاوێتەی دەنگی هەست بزوێنی ئەحمەد شێربەگی نیشانی ئامادە بوان درا.بە دوای ئەو دا هاوڕێ هەیاس کاردۆ، پەیامی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان کومیتەی ئوسترالیای پێشکەش کرد. بە دوای ئەو دا خاتوو فەریدە نەخشی پارچە هۆنراوەیەکی مامۆستا هێمن،ی خوێندەوە. ئینجا مامۆستا چەکۆ باران پارچە هۆنراوەیەکی لەگەڵ موسیکی دڵ لاوێنی کاک سیروان مەولانا پێشکەش کرد. کاک سماییل وەحیدفەر، خوشکەزای مام براییم، چەند وتەیەکی سەبارەت بەو ئازیزە کۆچکردووە هێنایە زمان. لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆڕیادە دا، بەڕێز محەمەد پشدەری پەیامی کەرتی ڕێکخستنی ئەدالاید،ی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی خوێندەوە. هەرەوەها کاک یوسف بێماڵ پەیامێکی خوێندەوە. لە کۆتایی ئەو ڕێوڕسمە دا تێکۆشەری دێرین و پێشمەرگەی ڕۆژانی سەختی خەبات، کاک حوسێن پەیڕەوان، وەک هاوسنگەر و برازای مام براییم، وتەیەکی تێروتەسەلی سەبارەت بە کەسایەتی بەرزی مام براییم و ڕێزوخۆشەویستی ئەو لە ناو هاوڕێ هەڤاڵان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەروەها دەور و نەخشی لە سەردەمی شٶڕشی شاخ دا پێشکەش کرد. بە نیشاندانی کورتە فیلمێک لە ڕێورەسمی بەخاکسپاردن و ڕێورەسمی پرسە و سەرەخۆشی مام براییم، کە لە بنکەی دەفتەری سیاسی حدک بۆی ڕێکخرابوو، کۆتایی بەو کۆڕە ماتەمینە هات.