کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەسەرهاتی بریندارێکی خۆپێشاندانەکەی مەهاباد

17:44 - 19 پووشپەڕ 2715

رۆژی ١٧ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، دوای سێ رۆژ لە مەرگی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی، لاوانی شاری مەهاباد رژانە سەر شەقام و خۆپێشاندانیان کرد. فەریناز خوسرەوانی کارمەندی هوتێل تارای شاری مەهاباد بوو کە لە نهۆمی چواری هوتێلەکەوە کەوتە خوارەوە گیانی لە دەست دا. لەو کاتەدا کەسێکی بە رەچەڵەک ئازەریش لەو ژوورە بوو کە فەریناز لێی کەوتە خوارەوە. بە وتەی خەڵک ئەو کەسە مەئموری ئیتلاعات و سەر بە دەزگا ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی بوو. بە وتەی خاوەن هوتێل و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش پێوەندی بە دەوڵەتەوە نەبوو. خۆپێشاندانی رۆژی ١٧ی بانەمەڕی شاری مەهاباد لە گەڵ دژکردەوەی توندی مەئمورانی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو بوو. هێزە چەکدارەکان هەڵیانکوتایە سەر خۆپێشاندەران و بە گازی ئەسرین‌ڕێژ یان بە تفەنگی تاپڕ تەقەیان لە خۆپێشاندەران کرد. لە ئاکامی ئەو کردەوەیەش دا ژمارەیەکی نادیار لە خەڵک و خۆپێشاندەران بریندار بوون. دوا جاریش یەکێک لە برینداران بە ناوی ئاکام تەللاج دوای ٥٣ رۆژ بەربەرەکانێ لە گەڵ مەرگ، گیانی لە دەست دا. عەبدوڕەحمان مرادی، ناسراو بە چەکۆ مەهابادی یەکێک لەو کەسانە بوو کە کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و بریندار بوو. خۆپێشاندەران هەر زوو ئەویان لە چنگ هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی رزگار کرد و لە کۆڵانێک دا وێنەی برینەکانی ئەویان وەک جنایەتی کۆماری ئیسلامی بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دا بڵاو کردەوە. هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی نەیانتوانی چەکۆ دەستبەسەر بکەن، بەڵام بڵاو بوونەوەی ئەو وێنانە و برینەکانی، ئەوانی توڕە کرد. بۆ دەستگیر کردنی چەند جار سەردانی ماڵی باوکیان کرد بەڵام ئەو ناچار بوو بەو برینانەوە خۆی بشارێتەوە. دوا جاریش ناچار بوو رۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو وڵاتی تورکیا بە جێ بێڵێ. چەکۆ مرادی تا پێش لە خۆپێشاندانی رۆژی ١٧ی بانەمەڕ، لە گەڕەکی باغی سیسەی شاری مەهاباد باشگای وەرزشی هەبوو. باشگای وەرزشیی تەندیس. ئەو کە تەمەنی ٣١ ساڵە، پێشتر قوتابی وەرزشوانی بە ناوبانگی شاری مەهاباد شەهید مەنسووری ئاروەند بوو کە لە کۆتاییەکانی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ دا بە تاوانی هاوکاری لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە ئیعدام کرا. چەکۆ لە باشگاکەی دا لاوانی لە دیاردە و دیاریە دزێوەکانی دەستی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی کوردستان دوور دەکردەوە و بەرەو وەرزش و خۆپێگەیاندن هانی دەدان. رۆژی ١٧ی بانەمەڕ، کاتێک دەزانێ خەڵک بە تەمان دژ بە زەبروزەنگی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی خۆپێشاندان رێک بخەن، زووتر لە وادەی رۆژانە، شاگردەکانی بەرەو ماڵ دەنێرێتەوە. بۆخۆشی هەمان رێگا دەبڕێ و لە مەودای نێوان باشگا و ماڵەکەی، تووشی خۆپێشاندەران دەبێ. لە ناو خۆپێشاندەران دا شاگرد و قوتابیەکانی خۆی دەبینێ و دەچێتە لایان. هەر لەو کاتەدا هێزەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵدەکوتنە سەر خۆپێشاندەران و تەقەیان لێ دەکەن. چەکۆ وەک بۆخۆی دەڵێ ٣٢ ساچمەی تاپڕی بەر دەکەوێ. هاوکاتیش هێزە چەکدارەکان هەڵدەکوتنە سەری و دەیانهەوێ دەستبەسەری بکەن کە لە گەڵ بەرگریی توندی خەڵک و قوتابیەکانی خۆی بەرەو روو دەبنەوە و رزگاری دەکەن. دوای رزگار کردنیش لە کۆڵانێکی چۆڵ دا وێنەی خۆی و برینەکانی دەگرن و بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دا بڵاوی دەکەنەوە. هەر ئەوەش دەبێ بە ئادرەسی هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ گیران و دەستبەسەرکردنی. مەئموران سەرەتا باشگا وەرزشیەکەی دادەخەن و پلۆمپی دەکەن. بەردەوام سەردانی بنەماڵەکەی دەکەن و دایک و باوک و تەنانەت خوشکیشی دەدەنە بەر ئازار. ماڵەکەیان دەپشکنن و دەست بەسەر لاپتاپ و کەیسی کامپیوتێرەکەی، تەلەفۆنەکەی و کۆمەڵێک کەلوپەلی دیکەی دا دەگرن و لە گەڵ خۆیانی دەبەن. چونکە برایەکی لە ناو 'پارتی ئازادیی کوردستان" دایە و وێنە و نامەکانی براکەشی لە ناو ئەو کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوانە دا بە لێشاو بوو، بەڵگەیەکی باش بوون بۆ ئەوەی دەزگا ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی بیخەنە ژێر شکەنجە و قورسترین بڕیاری بە ناو دادگاکانی کۆماری ئیسلامی بەسەردا بسەپێنن. بۆیەش شێلگیرتر بوون لە سەر دەستبەسەر کردنی. بەڵام ئەو هەم بۆ تیماری زامەکانی و هەمیش بۆ خۆشاردنەوە، پەنا بۆ دوکتورێکی ئاشنای دەبا. دواتر لە لایەن دۆست و ئاشناکانی لە گوندەکانی دەوروبەری مەهاباد دەشاردرێتەوە. تا سەرەنجام دوای یەک مانگ خۆشاردنەوە، ناچار دەبێ رێگای تورکیە بگرێتە بەر و بە شێوەی قاچاخ بە سنووری سێروێ دا رۆژهەڵاتی کوردستان بە جێ دێڵێ. ئازارەکانی چەکۆ بەوەندە کۆتایی نایە. دوای ئەوەی ئاودیوی سنووری تورکیا دەبێ، وێڕای چەند هاوڕێی دیکەی لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر دەکرێ. لانیکەم ٥ کەس لە لایەن پۆلیسی تورکەوە بەرەو ئێران دیپۆرت دەکرێنەوە بەڵام چەکۆ خۆی وەک هاوڵاتی عێراقی لە قەڵەم دەدا تا ئەگەر قەرارە دیپۆرت بکرێ، بەرەو ئەو وڵاتە بنێردرێ نەک بەرەو ئێران کە دوا جار بەو شێوەیە دەتوانێ خۆی رزگار بکا