کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیدارو چالاکییەکانی بەرپرسی کومیتەی دەرەوەی وڵاتی حدک لە ئەمریکا

15:29 - 20 پووشپەڕ 2715

لە درێژەی کاروچالاکییەکانی مستەفا شەڵماشی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب‌و کامەران بالنوور بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزب لە ئەمریکا ڕۆژی هەینی، ١٩ ی پوشپەڕ سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و لقی حەوتی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە واشنگتۆن، پایتەختی ئەمریکا کرد. لەو سەردانەدا خاتوو بەیان سامی عەبدوڵڕەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا زۆر بە گەرمی پێشوازیی لە هەیئەتی حیزب کردو خۆشحاڵیی خۆی لەو دیدارە دەربڕی. لە تەوەرێکی باسەکانی ئەو چاوپێکەوتنەدا باس لە کاروچالاکی‌و بارودۆخی ڕەوەندی کورد لە ئەمریکا کراو هاوکاری‌و هاوئاهەنگی حیزب‌و ڕێکخراوە کوردستانییەکان بۆ یەکخستنی هێزو وزەی کورد بۆ بردنە پێشی ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان بە گرینگ زانرا. لە بەشەێکی دیکەی ئەو دیدارەدا باس لە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و خەباتی کورد لەو بەشەی وڵات، بە تایبەت کاروچالاکییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان کراو هەردوو لا هاوڕا بوون لە سەر زەروورەتی هاوکاری‌و هاوئاهەنگی هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان. ئێوارەی هەمان ڕۆژ هەیئەتی حیزبی دیموکرات کوردستان، سەردانی بارەگای لقی حەوتی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە واشنگتۆن کردو زۆر بە گەرمی لە لایەن شاندێکی ئەو لقە بەسەرپەرستیی حیکمەت بامەڕنی، لێپرسراوی لق پێشوازیان لێکرا. لەو دیدارەش‌دا مستەفا شەڵماشی باسێکێ تێروتەسەلی لەسەر رەوشی کورد بە گشتی‌و جێگەو پێگەی گرینگی کورد لە سیاسەتی نێودەوڵەتی‌دا، بەتایبەت پاش سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تێرۆریستی داعش هێنایە بەرباس، کە لە لایان شاندی لقی ٧ی پارتییەوە بەرز نرخێندرا. تەوەرێکی دیکەی ئەو دانیشتنە، هاوکاری و هاوئاهەنگی زیاتری نوێنەرایەتیی حیزبە کوردستانییەکان بوو لە سەر پێشهاتە نەخوزراوەکانی داهاتووو ئەو مەترسییانەی کە بەرەوڕووی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان دەبێتەوە، بە تایبەت ئەو مەترسییانەی کە لە لایەن گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکانی وەک تاقمی تێرۆریستی داعشەوە ڕووی لە باشوورو خۆرئاوای کوردستان کردووە. لە کۆتایی ئەو دانیشتنەدا بڕیار درا کە لەمەدوا هەر دووک حیزب بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرک‌و کارە گرینگەکانی پەیوەندیدار بە کورد هاوکاری‌و هاریکاری زیاتر یەکتری بکەن.