کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌ی وشه‌ له‌ مانگرتنی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌بۆنه‌ی 22ی پوشپه‌ڕ

23:36 - 22 پووشپەڕ 2715

ڕۆژنامه‌ی "وشه‌" له‌ ڕاپۆرتێکدا باسی له‌ مانگرتنی گشتیی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌بۆنه‌ی 22ی پووشپه‌ر، ساڵرۆژی تێرۆری دوکتور قاسملوو کردوه‌. ده‌قی ڕاپۆرته‌که‌ی ڕۆژنامه‌ی "وشه‌": رۆژهه‌ڵات له‌یادی تیرۆركردنی قاسملو مانگرتنی راگه‌یاند وشە/ هەولێر-هیدایەت جان- دوای تێپەڕبوونی ٢٦ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی د. قاسملوو، سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ئەمڕۆ دووشەم ١٣ی تەمووز، زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە داخستنی دووکان و بازاڕ و نەهاتنەدەر لە ماڵەکانیان، مانگرتنی گشتییان راگەیاندووە و رژێمیش رێوشوێنی تەناهی توندی گرتووەتە بەر. لە شارەکانی مهاباد, سەردەشت, بۆکان, سنە, کرماشان, کامیاران و مەریوان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر تیرۆرکردنی د. عەبدولڕەحمان قاسملوو لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، هاووڵاتییان دووکان و بازاڕەکانیان داخستووە و هاتوچۆ لەو شارانەدا بە رێژەیەکی بەرچاو وەستاوە و خەڵک لە ماڵەکانیان نەهاتوونەتە دەرەوە. هەفتەیەک بەر لە ١٣ی تەمووز حزبی دیموکراتی کوردستان بانگەوازێکی بۆ هاووڵاتییانی رۆژهەڵات دا بەوەی ئەمساڵ روو نەکەنە سەنتەری شارەکان و سەردانی بنەماڵەی شەهیدان بکەن و بەو شێوەیە یادی شەهیدبوونی ئەو سەرکردەیان بکەنەوە. قادر وریا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ "وشە" رای دەگەیەنێت "بانگەوازەکەی حدک وێڕای پێداگرتنەوە لەسەر هەموو چالاکییەکانی ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ داوامان لە خەڵک کرد لە چوون بۆ بازاڕ و شوێنە گشتییەکان خۆیان بپارێزن و سەنتەری شارەکان بایکۆت بکەن بۆ ئەوەی قەرەباڵغی لە ناوشار نەبێت". روونی دەکاتەوە "ساڵان داوامان لە دووکاندارەکان دەکرد دووکان و بازاڕەکانیان دابخەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەی دوکاندار و خەڵکی بازاڕ کەمە، قوورسایی زۆریان دەکەوتە سەرشان و هەموویشیان ناونیشانیان دیارە و بەهۆی دووبارەبوونەوەی ساڵانەیان تووشی بارودۆخێکی سەخت دەبوونەوە، بۆیە ئەمساڵ لەبری بەوان بڵێین دووکان و بازاڕ دابخەن، داوامان لە خەڵک کرد ناوەندی شار و بازاڕەکان بایکۆت بکەن". وریا هەواڵی داخستن و چۆڵبوونی زۆربەی شار و شارۆکەکانی رۆژهەڵات رادەگەیەنێت و ئاشکرای دەکات "لە مهاباد و سەردەشت و کامیاران و سنە و بەشێکی کرماشان، بەتایبەت دوو شارۆکەی موسەدیق و فیردەوسی، بەدەنگ بانگەوازەکە هاتوون و ناوشارەکان چۆڵن و خەڵک خۆیان لە هاتووچۆ پاراستووە. ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی حدک ئاماژە بە گرتنەبەری رێوشوێنی تەناهی توندوتۆڵ دەدات لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە و دەڵێ "هێزەكانی ته‌ناهی هەم بە جلوبەرگی مەدەنی و هەم بە جلوبەرگی فەرمی لەناو شارەکاندا بڵاو بوونەتەوە و شەوی رابردوویش ئێران کێشەی لە هێڵی ئینتەرنێتدا درووست کردبوو بە بیانووی ئەوەی ژمارەی بەکاربەرانی ئینتەرنێت زیادیان کردووە و لە تەلەفۆنیشدا پێوەندیکردن بە دەرەوەی وڵاتی راگرتووە و بە فەرمی ئاگادارییان داوە لە کاتژمێر سفری رۆژی ١٣ی تەمووز /٢٢ی پووشپەڕ/ تا کۆتایی ئەم رۆژە دۆخەکە بەردەوام دەبێت". د. عەبدولڕەحمان قاسملوو ١٣ی تەممووزی ١٩٨٩، لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا لەگەڵ عەبدوڵا قادری ئازەر و فازیل رەسوڵ مەحموود، لەسەر مێزی دانوستاندن لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێرۆر کران. دکتور قاسملوو لە کاتێکدا تێرۆر کرا کە بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەکی ئاشتییانە بۆ پرسی کورد لە ئێران و وەدەستھێنانی مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی کورد چوو بووە ئەو دیدارە. سەرەڕای بەڵگە حاشاھەڵنەگرەکانی کاتی تێرۆره‌کە دەوڵەتی نەمسا ڕێگای بە پۆلیس و دەزگای دادی خۆی نەدا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون له‌و دۆسیه‌یه‌ بكه‌ن. ئەم تاوانە لە ناوەندی وڵاتێکی دیموکراتی ئەوروپیادا ئەنجام درا و بێ سزا مایەوە و دۆخە یاسایییەکەی تا ئێستەش چارە نەکراوە.