کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ژمارەیەک لە ئەندامان‌و دۆستانی حدک له‌ فه‌ڕانسه‌ لەسەر گلکۆی شەهیدانی ٢٢ی پووشپەڕ لە پێرلاشێز

03:33 - 23 پووشپەڕ 2715

دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە ٢٢ی پووشپەڕ ژمارەیەک لە ئەندامان‌و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی فەرانسە سەردانی گڵکۆی شەهید دوکتور قاسملوو و شەهید عەبدوڵڵا قادری ئازەر لە گۆڕستانی پێرلاشێزیان کرد. هاوکات لەگەڵ ٢٦مین ساڵڕۆژی تیرۆری رێبەری گەورەو لێوەشاوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، شەهید دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بە دەستی دیپلۆمات تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی، ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزب بە هاوڕێیەتیی تێکۆشەری لەمێژینەی حیزبی دێموکرات، کاک جەلیل گادانی‌و ژمارەیەک لە دۆستانی حیزب لە پاریس سەردانی مەزاری شەهیدانیان کرد. لەو سەردانەدا دوای دانانی تاجە گوڵ لەسەر گۆڕی شەهیدان، کاک جەلیل گادانی چەند وتەیەکی لەسەر تیرۆری دوکتور قاسملوو و کەسایەتیی ئەو رێبەرە مەزنە پێشکەش کردو وێڕای شی کردنەوەی رۆڵ‌و دەوری شەهید دوکتور قاسملوو لە خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی کورد لە رۆژهەڵات و هەر چوار پارچەی کوردستان، شەهیدبوونی ئەو رێبەرەی بە خەسارێکی گەورە بۆ حیزب و بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد زانی. لە کۆتایی‌دا دوای پەیمان نوێکردنەوەی ئەندامان لەگەڵ شەهیدان، بە سەردانی گڵکۆی شەهید دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی کۆتاییان بە کۆبوونەوەکەیان هێنا.