کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیسان تاڵانی مه‌ڕو ماڵاتانی مه‌ڕداڕانی مه‌ڕگه‌وه‌ر له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ڕێژیمه‌وه‌

06:58 - 23 پووشپەڕ 2715

هێزە ئینتیزامییەکان بۆ جارێکی دیکەش دەستیان بە سەر مەڕ و مالاتی خەڵک داگرت. ڕۆژی ١٨ ی پووشپەڕ لە کویستانەکانی مێرگەفاڵ، ٢٠٠ سەر مەڕی خەڵکی گوندی بەرازانی ناوچەی مەرگەوەڕ کە کەوتووەتە داوێنی چیای دالامپەڕ ، لە لایەن هیزە ئینتیزامییەکانەوە دەستیان بە سەر دا گیرا. هێزی ئینتیزامی په‌روه‌نده‌ی مەروماڵاتی دەستبەسەرداگرتووی رەوانەی ناوەندە قەزاییەکان کردوە تا بڕیاریان لە سەر بدەن. هەر لەو ڕۆژە دا هێزە ئینتیزامییەکان تەقەیان لە مەڕ و ماڵاتی مەردارانی گوندی لاجانی کرد و ٦ سەریان مەڕی ئەو گوندە کوشت. شایانی باسە کە دوو حەوتوو لەمەوبەریش هیزە ئینتیزامییەکان دەستیان بە سەر ٩٠٠ سەر مەڕی مەردارەکانی گوندی مەمکان دا گرتبوو کە لە کاتی راگواستنی ئەو مەڕانە بۆ ورمێ ، خەڵکی گوندەکانی مەرگەوەڕ پێشیان بە ماشێنەکانی هەڵگری مەڕەکان گرت‌و لە گەڵ هێزە ئینتیزامییەکان تووشی تیکهەڵچوون بوون. بیانووی ئەو هیزانە بۆ دەستبەسەرداگرتنی مێگەڵە مەڕی خەڵکی مەڕدارو زەحمەتکێش، بەزاندنی سنوو و بیانووی دیکەی لەم چەشنەیە. بەڵام ئامانجی ئەسلی لەم کارە، دزی و راوڕووتی ماڵی خەڵک بە پیی پیلان‌و بەرنامەی هاوبەشی ناوەندە قەزاییەکان و هیزی ئینتیزامییە.