کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی سمایل‌ئاغای پیرۆتی لە مەهاباد

15:01 - 23 پووشپەڕ 2715

سمایل‌ئاغای پیرۆتی، ئەندامی حیزب‌و تێکۆشەری ڕۆژە سەختەکانی خەباتی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد. بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە کوردستان‌و کورد سمایل ئاغای پیرۆتی، تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکڕات دوای ساڵانێک برینداری ڕۆژی ٢٢ ی پووشپەڕ لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد. سمایل ئاغا هەر لە منداڵییەوە بە کوردایەتی فرچکی گرتبوو، لە ڕۆژە سەختەکانی خەباتی چەکداریی ٤٦-٤٧ دا پێشمەرگەی حیزب لەو جوڵانەوەیە بووەو دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانیش بە گوڕو تینەوە تێکەڵ بە قۆناغی نوێی تێکۆشانی حیزبی دێموکڕات بۆوە. سمایل‌ئاغا کەسێکی شۆڕشگێڕ، ئازاو بەزیپک‌و زاکوون بوو. لە رۆژە سەختەکانی سەرەتای شۆڕش‌دا بە جیددیەتەوە ئەرکەکانی خۆی ڕادەپەڕاندو ماندوونەناسانە لە ریزی هەرە پێشەوەی تێکۆشاندا بوو. سمایل‌ئاغا لە شەڕی نەغەدە بەهۆی بەرکەوتنی گوللە لەسەری پێکراو بەشێکی زۆر لە ئەندامانی لەشی لەکار کەوت و سەرەڕای نەشتەرگەریی مێشک لەدەرەوەی وڵات بەڵام ئێش‌و ئازاری ئەو برینەی تا دواساتەکانی ژیانی لەگەڵ بوو. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەو بۆنەیە سەرەخۆشی لە بنەماڵەو کەسوکاری سمایل ئاغای پیرۆتی دەکا و خۆی بە شەریکە خەمی ئەو بنەماڵە تێکۆشەرە دەزانێ.