کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: بەباشی دەزانین لەنێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان حیزبێک دابمەزرێ

15:35 - 24 پووشپەڕ 2715

کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان رێککەوتنی ناوکیی نێوان ئێران‌و وڵاتانی ا+٥ بەسەرکەوتنێک بۆ دەوڵەتی ڕوحانی ناودەباو هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو وادەو بەڵێنییەی حەسەن روحانی لە کاتی هەڵبژاردنەکان‌دا بۆ چارەسەری پرسی ئەتومی بە خەڵکی ئێرانی دابوو، بەڵام پێ لەسەر ئەوەش دادەگرێ کە باس لەسەرشوێنکاری ئەو رێککەوتنە لەسەر ژیانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێشتا زووە. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کە لە کاناڵی ئاسمانیی ڕووداو بانگهێشت کرابوو، لەو پێوەندییەدا شیی کردەوە کە ئەگەرچی هێشتا چەند مانگی دیکەش کات پێویستە تا لایەنی قانوونی‌و ئیجڕایی ئەو ریککەتنە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بێبەری نابێ لە کارتیکەریی ئەو ڕێککەتنە؛ چونکی ئەو ناوچەیەش بەشێکە لە ئێران، مەگەر ئەوەی دەوڵەتی ڕوحانی سیاسەتێکی دیکە لە کوردستان بگرێتە بەر. کاک خالید عەزیزی هیوای خواست مادام ئەو عەقڵیەتە لە دەوڵەتی روحانی‌دا هەیە کە کێشەکانی خۆیان لەگەڵ دنیای دەرەوە کە بەشێکیان بە دوژمنی خۆیان دادەنێن لە ڕێگای وتووێژو دانوستانەوە چارەسەر بکەن، درێژکراوەی ئەو عەقڵییە لە سەر پرسی کورد لە ئێران، وەک بەشێک لە خەڵکی ئەو وڵاتە رەنگدانەوەی هەبێ‌و دەوڵەت بیەوێ پرسی کورد لەو وڵاتە رێگەی وتووێژەوە چارەسەر بکا. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گوتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەقی خۆیەتی ئەو داوایەی لە ڕوحانی هەبێ کە وەک چۆن وادەی چارەسەری کێشەی ئەتۆمی لەگەڵ دنیای دەرەوەی بە ئاکام گەیاند، وادەی چارەسەری پرسی نەتەوەکان لە ئێرانیش کە یەکێک لە دروشم‌و بەڵێنییەکانی دیکەی ڕوحانی بۆ هەڵبژاردنەکان بوو ئاوڕیان لێ بداتەوە. کاک خالید عەزیزی لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە خوێندنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ئەو کێشەیە چییە، گوتی پرسی کورد بەشێک لە کێشەی ئەتومیی ئێران نەبوە، بەشێک لەو دانوستانە بەوەو پرسی مافی مرۆڤ‌و ئازادییەکاکانی خەڵک‌و مافی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەشێک لەو پڕۆسەیە نەبوە، بەڵام ئێمە هەمیشە گوتومانە چارەسەری قەیرانی ئەتۆمی ڕەنگە یارمەتی بەوە بکا کە دنیای دەرەوە لەوەدوا کە باس لە ئێران دەکرێ هەموو سەرنجەکان لەسەر قەیرانی ئەتومی کۆ نەبنەوەو، وردە وردە ئەوە ئەم بوارە خۆش بکا کە پرسە نێوخۆییەکانی ئێران وەک ماف‌و ئازادییەکانی خەڵک‌و مافی مرۆڤ زیاتر لە دنیای دەرەوە لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا گرینگی پێبدرێ.