کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوێستی یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان لەمەر تێزاب پڕژاندن بەسەر ژنان و کچانی کورد لە شاری بۆکان

16:51 - 26 پووشپەڕ 2715

دیسان جارێکی تر بیری چەپەڵی کۆنەپەرەستی قۆڵی بۆ لە ناو بردنی ژنی کورد هەڵماڵی. بە پێی هەواڵی گەیشتوو، شەوی ١٤ی جولای ٢٠١٥ دەستێکی ناپاک لە گۆڕەپانی (فەلەکە)ی فەرمانداری شاری بۆکان، چەند ژنێکی کوردی کردە ئامانجی نامرۆڤانەو بە پڕژاندنی تیزاب بە جەستەیان دا جەنایەتێکی دیکەی دژە مرۆڤیان ئەنجام دا. لە ئاکامی ئەو جەنایەتە دا چوار ژن‌و کچ بە ناوەکانی: سوێسنا ئیمائیل‌نژاد، تروسکە مەردانبەگی، سوڕەیا کەیخوسرەوەی‌و نادیا مەعروفی جەستەیان زامدار بوو. هەر لەو پێوەندیە دا لە لایەن هێزە ئیتزامیەکانی رێژیم کەسێک بە ناوی "سالار محەممەد عومەری" دەستبەسەر کراوە. ناوبراو رایگەیاندوە کە حەبی خواردوەو ئاگای لە خۆی نەماوە کە ئەو جەنایەتەی ئەنجام داوە. بەڵام نزیکان و کەس‌و کاری بریندارەکان دەڵێن درۆ دەکا و بنەماڵەکەی سەر بە دەسەڵاتن. ئەوەی کە کێ ئەو کارەی کردوە و کێ لە پشت ئەو کارەیە، هیچ لە دڕندەیی ئەو جەنایەتە کەم ناکاتەوە. رێژیمێک کە بە هەموو شێوە پەرچ بخاتە سەر رێگای ژنان و تەنانەت چاولێکردنی یاریەکانی وەرزیشی‌شیان لێ قەدەغە بکا، ئاساییە کە ئەو شێوە رووداو و جەنایەتانەشی لێ دەکەوێتەوە. کوردستان هەمیشە مەکۆی خۆراگری پیاوان‌و ژنانی کورد بوەو هیچ هەڕەشەو جەنایەتێک تا ئەوڕۆ نەیتوانیوە لە ویستەکانی خۆیانیان پاشگەز کاتەوە. ژنانی کوردستان هەمیشە پێشەنگی خەباتی رزگاری کورد بوونەو ئەوە نزیک بە چوار دەیەیە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی یەکسان، سەرەڕای هەموو کەندو کۆسپەکان، خەبات دەکەن. یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان ئەو جەنایەتە، هەر کەس و لایەن و هێزێکی لە پشت بێ، مەحکوم دەکا و داوا لە هەموو خەمخۆرانی دۆزی رەوای کورد، رێکخراوو کۆمەڵەکانی مەدەنی‌و لە سەر یەک رێکخراوە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکا بە گژ ئەو کردوە نامرۆڤانەیە دا بچنەوە و ئیزن نەدەن چی دیکە دایکان و خوشکانی کورد بکەونە بە هێرشە دڕندانەکانی چڵکاو خۆرانی کۆماری ئیسلامی ئێران. ئەگەر خەڵکی کوردستان بە گشتی و بەتایبەتی شاری بۆکان ئەمڕۆ لەسەر تاوانی تیزاب پڕژاندن بەسەر ژنان دا لێبڕاوانە وەدەنگ نەیەن، بە کردوە رەوایی دەدەن بە کاری تاوانباران و لە ئاکام دا جەنایەتیی لەو شێوەیە هەموو کوردستان دەگرێتەوە. بە ئاواتی هەر چی زووتر چاک بوونەوەی برینەکانی جەستەی قوربانیانی تیزاب ڕشتنی شاری بۆکان نەفرەت لە ژن کوژی و ژن سوتاندن و توندو تیژی دژی ژنان یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان ١٦/٧/٢٠١٥ زایینی بەرابەر بە ٢٥ی پووشپەری ١٣٩٤ هەتاوی