کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژایەتیی فەرماندە نیزامییەكانی ئێران لەگەڵ سنووردارکردنی چالاكییە مووشەكییەكان

06:41 - 28 پووشپەڕ 2715

فەرماندە نیزامییەكانی كۆماری ئیسلامی دەڵێن بەهیچ شێوەیەك بە بەرتەسك كردنەوەی چالاكیە مووشەكییەكان قایل نابن. بەپێی ڕەشنووسی بڕیارنامەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، چالاكیی ئێران لە بواری بەرهەمهێنان و تاقیكردنەوەی مووشەكە بالستیكەكان بە توانایی هەڵگرتنی كڵاوەی ناوكی سنووردار ده‌بێ. محەممەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی ئێران ڕۆژی شەممە ٢٧ی پووشپەڕ گوتی سەبارەت بەم بڕیارنامەی كە قەرارە بەم زووانە لە شوورای ئەمنیەتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بابەت چالاكییە ناوكییەكانی ئێران پەسند بكرێ نیگەرانین. هەر لەم پێوەندییەدا یەدوڵڵا جەوانی، ڕاوێژكاری خامنەیی لە سپای پاسدارانیش ڕوو بە هەواڵدەریی فارس ڕایگەیاند، مەسەلەی توانای بەرگری‌و ئەم مەسەلانەی كە پێوەندییان بە دکترینی مووشەكیی ئێرانه‌وه‌ هەیە لە هێڵە سوورەكانی دانووستانەكانن‌و بەهیچ شێوەیەك چاوپۆشییان لێ ناكەین. هەروەها ڕەسووڵ سەنایی راد، سەرۆكی ئیدارەی سیاسیی سپای پاسدارانیش گوتوویەتی دانووستانە ناوكییەكان نابێ بواری دەستێوەردانی ڕۆژاوا لە مەسەلە نیزامییەكانی ئێران خۆش بكەن. بەقسه‌ی سەنایی راد، پێویستە بەندەكانی ڕەشنووسی بڕیارنامەی شوورای ئەمنیەت لە بابەت كاروباری نیزامیی ئێران بگۆڕدرێن چونكە هێڵە سوورەكان دەبەزێنن. كۆمەڵێك لە نوێنەرەكانی مەجلیسی ئێرانیش كاردانەوەیان بە نیسبەت ڕەشنووسی بڕیارنامەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان نیشان داوە. محەممەدئیسماعیل كەوسەری، ئەندامی كۆمیسیۆنی ئەمنیەتی میللی‌و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیس ده‌ڵێ بەهیچ شێوەیەك مەجلیس بە سنووردارکردنی چالاكییە مووشەكییەكانی ئێران قایل نابێ. بەپێی ڕێككەوتنامەی ئەتۆمی چالاكییە مووشەكییەكانی ئێران تا ٨ ساڵ پاش جێبەجی كرانی ڕێككەوتنامەكە هەر لەسەر جێی خۆیان دەبن.