کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باراك ئۆباما: ئێران که‌ره‌سته‌ی پێویستی بۆ بەرهەمهێنانی ١٠ چەكی ئەتۆمی هەیە

06:46 - 28 پووشپەڕ 2715

باراك ئۆباما لە پەیامی حەوتووانەی ڕادیۆیی خۆیدا گوتی، ئامریكا و هاوپەیمانان ڕێككەوتنێكیان له‌گه‌ڵ ئێران ئیمزا كرد كە پێش بە بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمیی ئێران دەكرێ‌و جیهان لە ئه‌منیه‌تدا دەبێ، بەم حاڵەش، ڕەخنەی نابەجێ دەگیردرێ. ئۆباما لە وەڵامی ڕەخنەگراندا گوتی: هێندێك له‌ ڕەخنەگران دەڵێن ئەم ڕێككەوتنە بەجۆرێك دروست كردنی چەكی ناوكی بۆ ئێران ئاسانتر دەكا. ئەم ئیدیعایە لە كاتێكدا ڕاست دەبێ كە ئێوە بڵێن ئامریكا، بریتانیا، فەرانسە، ئاڵمان، ڕووسیەو چین و چەند كەس لە باشترین زانا ناوكییەكان ویستوویانە بەرهەم هێنانی چەكی ناوكی لە ئێران ئاسانتر بكەنەوە. به‌ڵام ئەم ڕێككەوتنە پێچه‌وانه‌و بە كردەوە ڕێگەی بەرهەمهێنانی چەكی ناوكی لە ئێران ده‌گرێ. ئۆباما هەروەها گوتی: ئێران مەوادو که‌ره‌سته‌ی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی ١٠ چەكی ئەتۆمی لەبەر دەست دایە، بەڵام بەم ڕێككەوتنە، دەبێ سەدی ٩٨ی ئەم مەوادە بنێرێتە دەرەوەی وڵات. ئەم ڕێككەوتنە، ئێران لە بەرهەمهێنانی چەكی ناوكی دوور دەكاتەوەو قەدەغە كرانی هه‌میشه‌یی بەرهەمهێنانی چەكی ناوكی لەنێوخۆی ئەم وڵاتەی لێ دەكەوێتەوە. ئۆباما لە وه‌ڵامی دووهەمین بەڵگەهێنانەوەی ڕەخنەگراندا گوتی، ئەم كەسانەی كە دەڵێن، ئێران بەڵێنییەكانی خۆی جێبەجێ ناكاو چەواشەكاری شتێك نییە كە كۆماری ئیسلامی خۆی لێ دوور بكاتەوە، لە هەڵە دان، چونكە بەم ڕێككەوتنە، پشكنین‌و جاوه‌دێریی زۆر ورد لە تەواوی ٧ ڕۆژی حەوتوو ده‌خرێته‌ سه‌ر بنکه‌ ئه‌تومییه‌کانی ئێران‌و، پشكێنەرانی نێودەوڵەتی، هه‌ر هه‌موو زنجیرەی سەرچاوەكانی دابینكردنی مەوادی ناوكیی ئێران دەخەنە ژێر چاوەدێریی خۆیانەوە و زۆر بە وردی و بۆ دڵنیا بوون لە ڕەچاو كرانی بەڵێنییەكان لە لایەن ئێرانەوە، لە ناكاو سەردانی ئەم ناوەندە ئه‌تومی‌و نیزامییانە دەكەن‌و هەموویان دەپشكنن. باراك ئۆباما سێهەمین بەڵگەهێنانەوەی ئەم ڕەخنەگرانەشی ڕەد كردەوە كە ئیدیعا دەكەن، پێشێلكردنی ڕێككەوتنامە لەلایەن ئێرانەوە هیچ سزایەكی بەدوادا نابێ، بەقسەی سەركۆماری ئامریكا ئەگەر ئێران ئەم ڕێككەوتنە پێشێل بكا، ئەم گەمارۆیانەی كە بەدژی ئێران جێبەجێ كران‌و ئابووریی ئەم وڵاتەیان ئیفلیج كرد‌و گەیشتن بەم ڕێككەوتنەیان مسۆگەر كرد، دەسبەجێ دەگەڕێینەوە سەر جێگای خۆیان.