کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڕانەوەی شیركەتی نەوتی "شلۆمبێرگێر" بۆ ئێران

06:49 - 28 پووشپەڕ 2715

شیركەتی "شلۆمبێرگێر" ڕایگەیاندووە كە پاش هەڵوەشانەوەی گەمارۆكانی سەر ئێران ده‌گه‌رێته‌وه‌ ئەم وڵاتە. شلۆمبێرگێر كە یەكێك لە گەورەترین شیركەتە نەوتییه‌کان لە ئاستی جیهان دایە‌و شیركەتێكی ئامریكایی – فەرانسەوییە، یەكێك لەو دوایین شیركەتانه‌ش بوو كە ئێرانی بەجێ هێشت. بەپێی دوایین قانوونەكانی ئامریكا، بەشداری‌و چالاکیی شیركەتەكانی ئەم وڵاتە لە به‌شی نەوت‌و گازی ئێران لە ساڵی ١٣٧٤ی هەتاوییەوە قەدەغه‌یه‌، بەڵام شلۆمبێرگ هەروا لە هاوكاری کردنی ئەم وڵاتە بەردەوام بوو، چونكە شیرکه‌ته‌که‌ لە دەرەوەی ویکایه‌ته‌ یەكگرتووەكانی ئامریكا تۆمار كرابوو. شلۆمبێرگێر ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی هەموو پرۆژەكانی خۆی لە ئێران تەواو كردو پاشان ئەم وڵاتەی بەجێ هێشت. ئەم شیركەتە لە ڕێگەی پرۆژەكانی خۆی لە ئێران، تەنیا لە ساڵی ٢٠١٢دا ٤١٨ میلیۆن دۆلاری داهات وەدەست كەوت كە بڕی سەدی 3ی سەرجەم داهاتەكانی شلۆمبێرگ لەم ساڵه‌دا بوو. بەم حاڵەش وەزارەتی دادگوستەریی ئامریكا پاش 3 ساڵ لێكۆڵینەوە، بەهۆی پێشێلكردنی گەمارۆكان بەدژی ئێران‌و سوودان ئەم شیركەتەی بە پێدانی ٢٣٧ میلیۆن دۆلار غه‌رامه‌ مەحكووم كرد. تاوانی شیركەتی شلۆمبێرگ ئەوە بوو كە لە نێوان ساڵانی ١٣٨٣ تا ١٣٨٩ی هەتاوی لە ڕێگەی دەفتەرەكانی خۆیەوە لە تێگزاسی ئامریكا توانیبووی بەهۆی دەورلێدانی گەمارۆكانی ئامریكا بەدژی ئەم دوو وڵاتە، كۆمەڵێك كەلوپەلی قه‌ده‌غه‌کراوی پێویستیان بۆ بنێرێ. بەپێی ڕێككەوتنامەی گشتیی ناوكی كە حەوتووی ڕابردوو لە نێوان ئێران‌و 6 زلهێزی جیهانی ئیمزا كرا، بڕیار دراوە كە بەشێك لە گەمارۆكانی سەر ئێران هەڵگیرێن‌و ڕێگە بۆ گەڕانەوەی سەرلەنوێی شیركەتە ڕۆژاواییەكان بۆ لقی وزەی ئێران ئاوەڵا بكرێ. بەم حاڵەش بێتوو جێبەجی كرانی ئەم ڕێككەوتنی تووشی ئاستەنگ بێ و ئێران وەبەرچاوی نەگرێ‌و پێشێلی بكاو گشت ئەم گەمارۆیانە بۆ جارێكی دیكە دەگەڕێنەوە سەر دۆخی پێشووی خۆیان.