کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەفەری وەزیری ئابووری‌و وزەی ئاڵمان بۆ ئێران

07:13 - 29 پووشپەڕ 2715

زیگمار گابریل، وەزیری ئابووریی‌و وزەو جێگری سەدری ئەعزەمی ئاڵمان، لەگەڵ هەیئەتێكی ئابووریی وڵاته‌که‌ی سه‌ردانی ئێرانی کردوه‌و بڕیار وایه‌ كۆمەڵێك گرێبەست لە كەرتی پیشەسازی، شیمی‌و دەرمانسازی لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا ئیمزا بكرێ. زیگمار گابریل، وەزیری ئابووری و وزەو سەرۆكی حیزبی سوسیال دێموكراتی ئاڵمان پێش ئەم سەفەرە سێ ڕۆژەیەی خۆی گوتبووی كە به‌ كۆتایی هاتنی كێشەی ناوكی، ڕێگە بۆ بازرگانە لەگەڵ ئێران دەكرێتەوە. ئاڵمان ئاواته‌خوازه‌ كە پاش كۆتایی وتووێژی ناوكیی ئێران و ڕۆژاوا، ئاستی پێوەندیی ئەم دوو وڵاتە بە خێرایی بەرز دەبێتەوە. ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئاڵمانیش چاوه‌روانیی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ که‌ ئاستی هەناردەی ئاڵمان بۆ ئێران لە ٣ تا ٤ ساڵی داهاتوو لە ٢ میلیارد یۆرو لە ساڵی ٢٠١٤دا بۆ ١٠ میلیارد یۆرو، بە واتایەكی دیكە ٤ هینده‌ی ئێستا زیاد بکا. پێویست بە ئاماژەیە كە وەزیری دەرەوەی ئۆتریشیش ڕایگەیاندوە كە لە مانگی سێپتامبردا لەگەڵ سەركۆماری ئەم وڵاتە سەردانی ئێران دەكەن، هەروەها وەزیری دەرەوەی فەرانسەش دەیهەوێ سه‌ردانی ئەم وڵاتە بكا. ڕێككەوتنی ناوكیی ڕۆژاواو ئێران بۆتە هۆی ئەوەی كە ڕێگە بۆ سەفەركردنی كۆمەڵێك لە كاربەدەستانی پلە بەرزی وڵاتانی ڕۆژاوا بۆ تاران كردەوە. لۆران فابیوس، وەزیری دەرەوەی فەرانسەش چەند ڕۆژ لەوەپێش ڕایگەیاندبوو كە لە وەڵامی بانگهێشتی ڕەسمیی محەممەد جەواد زەریف، هاوتای ئێرانیی خۆی، سەردانی تاران دەكا.