کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

په‌سندكرانی‌ بڕیارنامه‌ی‌ شوورای‌ ئه‌مینه‌ت له‌باره‌ی‌ ڕێككه‌وتنی‌ ئه‌تۆمیی ئێران

14:53 - 30 پووشپەڕ 2715

بڕیارنامه‌ی‌ شوورای‌ ئه‌منیه‌تی‌ ڕێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌باره‌ی‌ ڕێككه‌وتنی‌‌ ئه‌تۆمیی له‌گه‌ڵ ئێران په‌سند كرا. ئه‌م بڕیارنامه‌یه‌ ڕێكاری‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ گه‌مارۆكانی‌ سه‌ر ئێرانی تێدا هاتووه‌، به‌ڵام گوتراوە گه‌مارۆكان كاتێك هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌ كه‌ ئێران پێبه‌ند به‌ ڕێككه‌وتنی‌ وییه‌ن بێ‌و جێبه‌جێیان‌ بكا. به‌ په‌سندكران‌و ته‌ئیدكرانی‌ بڕیارنامه‌ی‌ پێشنیاركراوی‌ ئامریكا له‌ شوورای‌ ئه‌منیه‌تی‌ ڕێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان گه‌مارۆكانی‌ ئه‌م ڕێكخراو دژی‌ به‌رنامه‌ی‌ ئه‌تۆمیی ئێران هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م بڕیارنامه‌یه‌ ته‌نیا گه‌مارۆكانی‌ ئه‌م ڕێكخراوه‌ ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌م بڕیارنامه‌یه‌ گه‌مارۆكانی‌ ئامریكاو ئورووپا و وڵاتانی‌ دیكه‌ ناگرێته‌وه‌. هه‌روه‌ها په‌سندكرانی‌ ئه‌م بڕیارنامه‌یه‌ له‌ شوورای‌ ئه‌منیه‌تی‌ ڕێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌ مانای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ خێراو دەسبەجێی گه‌مارۆكانی‌ سه‌ر ئێران نییه‌، به‌ڵكوو كاتێك ئه‌م بڕیارنامه‌یه‌ جێبه‌جێی‌ ده‌كرێ كه‌ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی‌ ئه‌تۆمی‌ پێبه‌ندبوون‌و جێبه‌جێكردنی‌ ئێران به‌ ڕێككه‌وتنی‌ وییه‌ن ته‌ئید بكاو ئاسانكاریی بۆ سەردانی ئاژانس بۆ ناوچە قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانی‌ پێشوو بكا. ئه‌م كاره‌ چه‌ندەی کات پێویسته‌ ئه‌وه‌ش پێوه‌ندیی به‌ ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌. له‌ لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئێران چالاكییه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی‌ خۆی‌ درێژه‌ بدا، ئه‌م گه‌مارۆیانه‌ به‌ شێوه‌ی‌ ئۆتۆماتیك و بێ په‌سندكرانی‌ دووباره‌ی‌ ڕێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دێنەوە جێی خۆیان. هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ گه‌مارۆكانی‌ ڕێكخراوی‌ نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان دژی‌ ئێران گه‌مارۆ بانكی‌، قه‌ده‌غه‌كرانی‌ سه‌فه‌ره‌كان بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات و چالاكیی‌ كه‌سانێك ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ بواری‌ ئه‌تۆمییه‌وه‌ كردوویانه‌، بەڵام گه‌مارۆی‌ چه‌كوچۆڵی‌ ئێران ناگرێته‌وه‌. سه‌رچاوه‌ دیپڵۆماتیكه‌كان له‌ برۆكسێلیش ڕایانگه‌یاند كه‌ وه‌زیرانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ یه‌كیه‌تیی ئورووپا ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئێرانیان ته‌ئید كردوە، به‌م شێوه‌یه‌ كه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوی‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ گه‌مارۆكانی‌ یه‌كیه‌تیی ئورووپا دژی‌ ئێران هه‌ڵێنرایه‌وه‌.