کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەخنەی سەرۆكی ستادی قەیران لە بابەت ڕووماڵکردنی هەواڵی سێڵاو لە ئێران

15:56 - 31 پووشپەڕ 2715

لە حاڵێكدا كاربەدەستانی ڕێكخراوی مانگی سوورو پزیشكیی قانوونی لە ئێران باسیان لە زیان بەرکەوتنی ٢٩ شارو مردنی لانی كەم ١٣ كەس بەهۆی هەستانی لافاو لە ڕۆژی یەكشەممە لە 9 پارێزگای ئێراندا كردووە، سەرۆكی ستادی قەیرانی ئێران دەڵێ قوولایی ئەم ڕووداوانە لە ئاستی شارێكی بچووكیش‌دا نەبووە و نابی ئاوا گەورەی بكەنەوە. ئیسماعیل نەجار، سەرۆكی ستادی قەیرانی ئێران لە بەرنامەیەكی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی: ڕووداوی هەستانی لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ئاستی شارێكدا بووە نە زۆرتر. ناوبراو دەڵێ بە رادەی پێویست ئاوڕ لەم مەسەلە دراوەتەوە، كەوابوو لەبەرچی مەسەلەیەكی بچووكی لەم چەشنە هێندە گەورە دەكەنەوە؟ نەجار هەروەها گوتوویەتی ژمارەی قوربانییانی ئەم ڕووداوانە 12 كەس‌و ژمارەی بریندارەكانیش نزیكەی ٨٠ كەس بووە. ئەم قسانەی ئیسماعیل نەجار لە حاڵێكدایە كە بەپێی دوایین ڕاپۆرتەكان، سێڵاوی شەوی یەكشەممە، 28ی پووشپەڕ، جگە لە پارێزگاكانی ئەلبورز و تاران لە پارێزگاكانی قەزوین، سنە، خۆراسانی باكوور، سیمنان و مازەندەارنیش زەرەر و زیانێكی زۆری لێ كەوتۆتەوە. هەر بەم حاڵەش ڕێكخراوی ئیمداد و نەجاتی خاچی سوور، ڕێژەی زیان بەركەوتووانی سێڵاوی ڕۆژی یەكشەممەی 12 هەزار كەس ڕاگەیاندووەو بەپێی ئەم ئامارە ئەم ڕووداوە زیانی بە 29 شار و 58 ئاوایی گەیاندووە. لە لایەكی دیكەشەوە بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی پزیشكی قانوونی كە ڕۆژی سێشەممە بڵاوی كردۆتەوە، تا ئێستا هەر نەبێ ١٣ كەس بەهۆی ئەم ڕووداوانە مردوون، ئەوە لە حاڵێكدایە كە ئەبۆلفەزڵ قەناعەتی، ئەندامی هەیئەتی سەرۆكایەتیی شوورای شاری تاران، پێشتر ڕایگەیاندبوو تەنیا لە ناوچەی "ئیمامزادە داوود" لە دەوروبەری ئاری تاران 20 كەس گیانیان لە دەست داوە. محەممەدتەقی ئێرانی، "فەرمانداری كەرەج"یش، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند كە چارەنووسی ١٢ كەسی بێسەروشوێن لە سێڵاوی شاری كەرەجدا هەروا ناڕوونە و گەڕان و بەدواداچوونی تیمەكانی ئیمداد بۆ دۆزینەوەی ئەم كەسانە هەروا بەردەوامە.