کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەرجكرانی زیاتر لە ٦٠ میلیارد دۆلار لە سەرچاوە ماڵییە ڕاگیراوەكانی ئێران لە دەرەوەی وڵات

16:00 - 31 پووشپەڕ 2715

بڕی سەرچاوەكانی بانكی ناوەندی لە دەرەوەی وڵات ٩٠ میلیارد دۆلارە، بەڵام بڕی ئەم سەرچاوانەی كە بۆ كەڵكوەرگرتن دەبن ٢٩ میلیارد دۆلار ڕاگەیەندراوە. سەرچاوەكانی بانكی ناوەندیی ئێران وێڕای وێڕای پێداگری كردن لەسەر جیاوازیی نێوان دوو چەمكی پاشەكەوتە دراوییەكان‌و داراییە دراوییەكان، سەرجەم سەرچاوە بلۆكەكراوەكانی ئەم بانكەی لە دەرەوەی وڵات ٨٩ میلیارد و ٧٠٠ میلیۆن دۆلار ڕاگەیاندوە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا گوتی پاش جێبەجیكرانی ڕێككەوتنامەی ئەتۆمیی ڤیەن، ئەم سەرچاوانەی كە كۆماری ئیسلامی دەتوانێ كەلكیان لێ وەربگرێ، ٢٩ میلیارد دۆلار دەبێ. پێشتریش وەلی اڵڵە سەیف، سەرۆكی بانكی ناوەندیی ئێران، ڕایگەیاندبوو كە بڕی پووڵە ڕاگیراوەكانی ئەم ناوەندە ئابوورییە لە ٣ وڵاتی ژاپۆن، كۆرەی باشوور و ئیمارەتە یەكگرتووەكان 23 میلیارد دۆلارە. بەڵام پاش ئەم ئامارە كە سەرۆكی بانكی ناوەندی بڵاوی كردەوە، غوڵامڕەزا میسباحیی موقەدەم، ئەندامی كۆمیسیۆی بەرنامە و بوودجەی مەجلیس گوتی: ئێران نیزكەی ١٣٠ میلیارد دۆلاری پاشەكەوت لە دەرەوەی وڵات هەیە كە لە حیسابەكانی بانكی ناوەندی دان. لە لایەكی دیكەشەوە، غوڵامعەلی كامیاب، جێگری دراویی بانكی ناوەندی ڕایگەیاند كە سەرچاوە ئازاد كراوەكانی بانكی ناوەندی ٢٣ میلیارد دۆلار، سەرچاوە ئازاد كراوەكانی دەوڵەت كە لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوت وەدەستی كەوتووە 6 میلیارد دۆلار، بارمتەی چین بۆ دابینكردنی سەرچاوە ماڵییەكانی پرۆژەكان 22 میلیارد دۆلار، سەرمایەدانان لە شیركەتە ژێركۆماكانی نەوت ٢٥ میلیارد دۆلار، حیساب لە لای بانكە ئێرانییەكان ١٠ میلیارد دۆلار و بڕی قەباڵە وامییە ڕاگیراوەكان ٤ میلیارد دۆلارە. بەم حاڵەش ناوبراو وێڕای پێداگری كردنەوە لە سەر جیاوازیی دوو چەمكی پاشەكەوتی ئەرزی و داراییە دراوییەكان گوتی: بڕی سەرچاوەكانی بانكی ناوەندی كە پاش جێبەجی كرانی ڕێككەوتنامەی ئەتۆمیی ڤیەن ئازاد دەكرێن‌و دەكەونەوە بەر ەستی كۆماری ئیسلامی، تەنیا 23 میلیارد دۆلارە. قسەكانی جێگری بانكی ناوەندیی ئێران لە بابەت جیاوازیی نێوان ئەم دوو بابەتە لە حاڵێكدایە كە پێشتریش كۆمەڵێك لە ڕاگەیەنەكان لە ئێران ڕایانگەیاندبوو كە ٢٩ میلیارد تمەن لە داراییە ڕاگیراوەكانی ئێران پێوەندی بە دەوڵەتەوە هەیەو دەتوانێ خەرجی بكا، بەڵام پارەكەی دیكە ئەم داراییە دەگرێتەوە كە لە حیسابی بانكی ناوەندی كراوە و مافی دەوڵەتی پێوە نییە.