کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەمای سەفەری لۆران فابیوس‌و فێدریكا مۆگرینی بۆ ئێران

16:04 - 31 پووشپەڕ 2715

لۆران فابیوس‌و فێدریكا مۆگرینی بە تەمای سەفەر كردن بۆ ئێرانن. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی رۆیتێرز، لۆران فابیوس، وەزیری دەرەوەی فەرانسە حەوتووی داهاتوو سەردانی تاران دەکاو لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی، سەركۆماری ئێران کۆبوونەوەو چاوپێکەوتنی دەبێ. فابیوس لەبارەی بڕیاری خۆی بۆ سەفەركردن بۆ ئێران گوتی، محەممەد جەواد زەریف منی بانگهێشت كردوە. هەڵبەتە پێشتریش بانگهێشت كرابووم كە قەبووڵم نەكرد، بەڵام ئێستا وا بیر دەكەمەوە كە هەموو شتێك بۆ سەفەری من ئامادەیە. یەكێك لە جێگرانی لۆران فابیوس بە هەواڵدەریی فەرانسەی ڕاگەیاندوە كە سەفەری وەزیری دەرەوەی فەرانسە بۆ ئێران ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو ٧ی گەلاوێژ دەبێ. فێدێریكا مۆگرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكیەتیی ئورووپاش بۆ پشتیوانی كردن لە ڕێككەوتنامەی ناوكیی ڤیەن، لە داهاتوویەكی نزیكدا سەردانی تاران دەكا. پێشتریش زیگمار گابریل وەزیری ئابووری و وزەی ئاڵمان كە جێگری سەدری ئەعزەمی ئەم وڵاتەشە، بە سەرۆكایەتیی هەیئەتێكی ئابووریی سەردانی ئێرانی كردو لەگەڵ كاربەدەستانی پلەبەرزی كۆماری ئیسلامی وەك حەسەن ڕووحانی كۆبۆوە. ئێران و6 زلهێزی جیهانی، حەوتووی ڕابردوو لەسەر پەروەندەی ناوكیی كۆماری ئیسلامی ڕێك كەوتن. دەستڕاگەیشتن بەم ڕێككەوتنە هاوكات لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئامادەیی كاربەدەستانی سیاسی و شیركەتە تیجارییەكانی چەند وڵاتی ئورووپایی بۆ سەفەر بەرەو ئێران بووە.