کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمیی ئیمکاناتی پزیشکی لە نەخۆشخانەكانی پارێزگای ورمێ

16:22 - 31 پووشپەڕ 2715

زۆربەی نەخۆشخانەکانی پارێزگای ورمێ لەگەڵ کەمیی ئیمکانات بەرەوروون‌و زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە نەخۆشخانەكانی پارێزگای ورمێ پێویستیی بە ٦٠ دەزگای نوێی دیالیز هەیە. هوشەنگ عەتاپوور، بەڕێوەبەری گشتیی فەرهەنگی ـ كۆمەڵایەتیی پارێزگای ورمێ گوتی، لە كۆبوونەوەی كومیتەی نەخۆشییە تایبەتەكان پێ لەسەر ئەوە داگیراوەتەوە کە كەمیی تەخت، كەمیی شوێنی دەرمانی، كۆنبوونی هێندێك لە بیناكانی نەخۆشخانەو دەزگا پزیشكییەكان بەشێکی سەرەکی لە گیروگرفتەكانی كەرتی تەندروستی ئەم پارێزگایەیە بە تایبەت بۆ نەخۆشانی دیالیزین. ناوبراو گوتی، لە ئێستادا ٥٤ دەزگای دیالیز لە پارێزگای ورمێ لەكار كەوتوون كە دەبێ دەزگای نوێ جێیان بگرێتەوە، جگە لەمەش ئەم پارێزگایە پێویستیی بە نزیك بە ٦٠ دەزگای دیكەی دیالیز هەیە. عەتاپوور وێڕای ئاماژە بە پێویستیی نۆژەنكردنەوەی شوێنی هێمۆدیالیز گوتی، هەر ئێستا ناوەندی دیالیزی تاڵەقانیی ورمێ، سەڵماس، ماكۆ، خۆی و چایپارە لە ئەولەوییەتی نۆژەنكردنەوە دان. ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە لە پارێزگای ورمێ ٣٣٢٥ کەس نەخۆشیی تایبەتیان هەیە کە ١٢٤٣ کەس لەوان گورچیلەکانیان لەکار کەوتوون‌و دەبێ دیالیز بکرێن.